هەسەدە کوژرانی 6 چەکداری‌ گروپە هاوپەیمانەکانی‌ تورکیا ڕاده‌گه‌یه‌نێت
  2019-11-12       581       
له‌شه‌رو پێكدادانه‌كانی‌ نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە -و سوپای‌ توركیاو گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌، 6 چه‌كدار كوژراو ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ش برینداربون.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە،  ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماری شەڕو بەرخۆدانی شەڕڤانانی لەدژی لەشکرکێشییەکانی‌ سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکانی لەزرگان، تل تەمرو عەین عیسا ئاشکراکرد.

هەسەدە ڕایگەیاندووه‌، “سوپای تورکیاو چەکدارەکانی بەچەکی قورس هێرشیانکردووەتە سەر گوندی تل ئەلوەرد، تل محەمەد، تل شەعیرو زرگان”.

ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، له‌تل تەمر سوپای تورکیا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و چەکی قورس هێرشیانکردووەتە سەر گوندەکانی گوندی ریحانیەو عامریەو لەئەنجامی وەڵامی شەڕڤاناندا زرێپۆشێکی تورکیا بەتەواوەتی تێکشکێنراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکانی بەهاوەن و تانک هێرشیانکردووەتە سەر گوندی کەفیفا، مشێرفاو کۆر حەسەن، هەروها فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوچەکەی بۆردومانکردووە، لەئەنجامی وەڵامی شەڕڤانان شەڕێکی قورس ڕویداوەو بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی تورک‌و چەکدار کوژران و بریندار بون.

هەسەدە ده‌ڵێت، بەهۆی‌ پێکدادان‌و هێرشەکانەوە 6 چەکدار کوژراون‌و 6ی‌ دیکەش برینداربون، هەروەها حەوت شەڕڤان شەهیدبون‌و 12ی‌ دیکەش برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×