راگەیاندنی کارەکانی یەکەمین کۆڕبەندی هێزە چەپەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان
  2019-11-12       1000       
رۆژی ٩/١١/٢٠١٩ به‌ دروشمی (كاراكردنی رۆلی هێزه‌ چه‌پەكانی كوردستان له‌تێكۆشانی نیشتمانی و چینایه‌تیدا) لە شاری هەولێر بە بەشداری ژمارەیەک حزب‌و کەسایەتی چەپی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکەمین کۆڕبەندی هێزە چەپەکانی کوردستان بەرێوەچوو. سەرەتا کۆڕبەند بەرێزلێنان بۆ گیانی پاکی شەهیدا‌ن و بە مارشی نیشتمانی ئەی رەقیب‌و سرودی ئینتەرناسیۆنال کارەکانی دەست پێکرد.
کۆڕبەندەکە دوو پانێڵی لەخۆگرتبوو، لەیەکەم پانێلدا کە بەناونیشانی (روانگه‌ی هێزه‌ چه‌په‌كانی كوردستان بۆ كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وململانێی هیزه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كارتێكردنی له‌سه‌ر پرسی كوردستان) بوو، هەر یەک لە هاوڕێیان (د. کاوە مەحمود، هیوا سەید سەلیم، نەوید میهراوەر، نوێنەری بەرێز سینان چیفتیورک، ھەڤال بایڕام) بابەتەکەیان لەدیدی جیاوازەوە تاوتوێکردو پاشان ئامادەبووان بەتێبینی‌و سەرنج گفتوگۆیان لەسەر بۆچوونی پانێلیستەکان دەڕبڕی.
پانێڵی دووەل کە بەناونیشانی (هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مڕۆی كوردستان‌و بنه‌مای گوتاری هێزه‌ چه‌په‌كانی كوردستان و ده‌رفه‌تی كاری هاوبه‌ش و ئاسته‌نگه‌كان) بوو، هەریەک لە هاوڕێیان (بەڵێن عەبدولڵا، نەجمەدین مەلا، نوسرەتین حاچین، مەسعود تەک، هیوا عومەر) بەدرێژی ئەو ناونیشانەشیان شێکردەوە، دووبارە ئامادەبووان بەرەخنەو لێکدانەوەی جیاواز سەرنجی خۆیان سەبارەت بەو باسە خستە روو، پانێلەکان لەلایەن ھاورێان کانیاو بایز و ھۆگر چەتۆ بەرێوەچوو.
سەرئەنجام بەشدارنی کۆڕبەندەکە دووپاتیان کردەوە، کە بەبێ چارەسەری ئاشتیانەو عادیلانەی کێشەی  گەلی کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان مەحاڵە ئاسایش‌و سەقامگیڕی لە وڵاتانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناڤین بەرقەرار بێت، هەروەک پێویستە ئەو دۆزە بەسەرچاوەگرتن لەراستییە مێژووییکان‌و بەبێ سەپاندنی ئەمری واقیع و دوور لە  زەبری هێز، چارەسەر بکرێت‌و مافی چارەی خۆنووسین بکرێتە سەر مەشقی چارەسەرەکان. هەر لەو پێودانگەدا بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە هەموو لایەنەکانی کوردستان لەسەریانە پارێزگاری لە یەکریزی نیشتمانی بکەن،و بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە کۆڕبەند پشتیوانی‌و پشتگیری خۆی بۆ:
یەکەم: خەباتی رەوای گەلەکەمان لە رۆژئاوا دووپات کردەوە، داواشیکرد کە بە زووترین کات شەرو  هێرشی سەر ئەو پارچە رابگیرێت‌و داگیرکاری تورکیاش بوەستێرێت‌و زامنی ژیانێکی ئارام‌و دوور لەشەر بۆ خەڵکی بێدیفاع دەستەبەر بکرێت.
دووەم: خەباتی مەدەنیانەی گەل‌ و هێزە سیاسیەکان لە باکووری کوردستان رەواو راستە و لەپێناو ژیانێکی بەحورمەتە، بۆیە ئێمە دژی ئەو زولم‌و زۆرداریانەین کە حکومەتی تورکیا دژ بەگەلەکەمان‌و ئازادیخوازانی تورکیا دەیکات‌و داوادەکەین بە لۆژیکی ئەقل‌و بە ئاشتیانە هەموو کێشەکانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
سێیەم: رۆژهەڵاتی کوردستان بەدۆخێکی یەکجار ناخۆش تێدەپەڕێ، سەرباری چەوسانەوەی نەتەوایەتی چەوسانەوەی مەزهەبی‌و چینایەتی‌و کەلتووریشیان لەسەرە، بۆیە کۆڕبەند پشتگیری خۆی بۆ خەباتی ئازادیخوازو حەقخوازانەی گەلەکەمان لەو پارچە ئازیزەدا دووپاتکردەوە.
چوارەم: ئەو واقیعەی لەباشووری کوردستان هەیە، کە بەتێکۆشان‌و خوێنی گەلەکەمان بەدی هاتووە، سەرباری مەترسییە دەرەکیەکان، لەگەڵ چەندین قەیرانی ناوەخۆیش رووبەرووە. بۆ بەرگرتن لەو مەترسیانە پێویستە بە زووترین کات دەست بکرێت بە چاکسازی راستەقینە، کە تێیدا رەچاوی ماف‌و خواستی خەڵکی بەشمەینەت‌و زەحمەتکێش کرابێ، حوکمی رەشید بنیات بنرێت، و کار بۆ وەدیھێنانی ئەرکە نیشتمانییە کوردستانییەکان بکرێت.
پێنجەم: خواستەکانی گەلانی تورکیا و ئێران وڵاتە عەرەبییەکان لە پێناو دیموکراسی، ئازادی، ئاشتی‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی خواستی رەوان. ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو خواستە دەردەبڕین.
شەشەم: ئەمڕۆ لە ناوەراست‌و باشووری عیراق خەباتێکی مەدەنی لە رێگای مانگرتن‌و رێپێوان لە ئارادایە، داواکانی ئەو خەڵکە کە خۆی لە ئازادی، هەلی کار، ئاسایش، دادپەروەری و نەهێشتنی گەندەڵی دەنۆێنی، داوای رەواو راستەقینەن، ئێمە پشتگیری ئەو خەباتە دەکەین.
حەوتەم: لە عیراقدا چەندین لایەن دەیانەوێ هەمواری دەستووری دەوڵەت بکەن‌و  سیستەمی سیاسی لەعیراق بگۆڕن، لەمەشدا مەترسی لەسەر دۆخی دەستووری کوردستان درووست کردووە، لێرەدا دووپاتی پێویستی پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەر جۆرە هەموارێکی دەستوور دەکەینەوە.
لە کۆتایدا کۆربەندی هێزە چەپەکانی کوردستان بە دروود ناردن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی‌و سەربەخۆیی گەلی کوردستان، و بە سڵاوی شۆڕشگێرانە لەکوڕو کچانەی کوردستان، کە ئەمڕۆ بەخۆێنی خۆیان بەرگری لەخاک‌و نیشتمان دەکەن، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
لە رۆژی ١٠/١١/٢٠١٩ لایەنە بەشدارەکانی ئەو کۆڕبەندە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆربەندەکەو پیداچوونەوە بەپێشنیارو تێبینیەکان کۆبوونەوەیەکیان سازکردو تێیدا سەبارەت بەراسپارەدەکان کۆمەڵیک بڕیاریانداو ژمارەیەک میکانیزمی گونجاویان بۆ کاری داهاتووی کاری ھاوبەشی ھێزە چەپەکان دیاری کرد.

هەولێر
١٠/١١/٢٠١٩
حزب به‌شدار بووەکان:
–    حزبی كۆمۆنیستی کوردستان (باكوور).
–    حزبی سۆشیالیتی کوردستان (باكور).
–    حزبی كۆمۆنستی کوردستان (ڕۆژئاوا).
–    كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان (رۆژهەڵات).
–    حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان (باشوور).
–    حزبی شیوعی كوردستان (باشوور).
–    بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان (باشوور).
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×