سەدر داوا لە فەرمانبەران دەكات مانگرتنی گشتی رابگەیەنن
  2019-11-13       658       

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، پاكێجی چاكسازییەكانی پەرلەمان بە "درۆزنانە" ناودەبات و داواش لە فەرمانبەران دەكات بە مانگرتنی گشتی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بكەن.
ئاوێنە: سەدر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"دەبێت هەموان بزانن بەردەوامی ناڕەزایەتییەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئەم شۆڕشە سەردەخات."

وتوشیەتی"دەبێت شۆڕشگێڕان تارمایی دەستوەردانی دەرەكی ئەمریكا و ئەوانی دیكە دوربخەنەوە، پێویستە لەسەر خۆپیشاندەرانیش هێرش نەكەنە سەر نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەكانی ئەو وڵاتانەی كە داگیركەر نین ئەگەر بە وتنەوەی دروشمیش بێت."

داواشی لەو خەڵكانە كردوە كە تا ئێستا بێدەنگن چارەنوسی خۆیان دیاری بكەن ئەوەش بە پشتیوانیكردنی شۆڕشگێران ئەگەر بە وشەیەكی چاكیش بێت ئەگەر ناتوانن بە رێگەی دیكە پشتیوانیان بكەن.

سەدر پاكێجی چاكسازییەكانی پەرلەمانی عێراقی بە "درۆزنانە" ناوبردوە كە "هیچ چارەیەك بۆ جێبەجێكردنیان نییە" پێشی وایە ئەو چاكسازییانەی باس دەكرێن "وەهمن" بۆ بێدەنگكردنی دەنگی شۆڕشگێڕان.

سەدر خۆپیشاندانەكانی بە شۆڕشی گەل ناوبردوەو وتوشیەتی؛ هیچ كەس مافی ئەوەی نییە چەك دژیان بەكاربهێنێت و دەبێت هەمو ئەوانەی ئەو كارەیان كردوە دەستبەجێ دادگایی بكرێن.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت حكومەت گوێ لە داواكارییەكی گەلی راپەڕیو بگرێت و لە عەرشە بەرزەكەی بێتە خوارەوەو وتوشیەتی"پێویستمان بە سەركردەی زەرورەت نییە بەڵكو پێویستمان بە فەرمانڕەوایەكە كە دادپەروەر بێت لەگەڵ گەلداو گرنگی بە پرسەكانی گەلەكەی بدات بەر لە حزبەكەی، لایەنەكەی، لایەنگرانی، تەنانەت بەر لە ئایین و بیروباوەڕ و پێكهاتەكەی."

سەدر بە پێویستی زانیوە پەرلەمانتاران چەند چاكسازییەكی ریشەیی لەپەرلەمان پەسەندبكەن، وەك گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و یاساكەی و هەروەها گۆڕینی هەندێك لە بڕگەكانی دەستورو ئەگەر نەشیانتوانی هیچ واتایەك بۆ مانەوەیان لەپەرلەمانی بەدەستوەستانی نامێنێتەوە.

هەروەك داواشی لە فەرمانبەران كردوە بە مانگرتنی گشتی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بكەن ئەگەر بۆ یەك رۆژیش بێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×