عەبدولستار مەجید: پڕۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست گەڕاوە بۆ حکوومەت
  2019-11-13       855       
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند ''ئێمە پێمان وایە ئەمە نایاساییە، چونکە هەر پڕۆژە یاسایەک کە دوای ئەوی رێککارە یاساییەکانی بڕی و پرس و را بە حکوومەت کرا، ئەوا دەبێت دەستبەجێ ئاراستەی لیژنەی تایبەت بکرێت و لەماوەی یاسایی خۆی راپۆرتی لیژنەی یاسایی ئامادە بکرێت و دەنگدانی دووەمی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت بەڵام بەداخەوە زۆربەی پەرلەمانتاران کە نوقتەی نیزامیان گرت و، سەرۆکی پەرلەمان رێگای پێ نەدان''.

ئاوێنه‌: دوای تەواوبوونی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند تەوەرێک پەیوەست بە ژیان و گوزەرانیی هاووڵاتییان، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا نیگەرانی خۆی لەمەڕ تەوەرێکی دانیشتنەکە دەربڕی و رایگەیاند  ''سەرۆکی پەرلەمان رێگای نەداوە بە نوقتەی نیزامی چەند پەرلەمانتارێک''.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان عەبدولستار مەجید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی: ''کۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند پێشنیازە یاسایەک بوو کە پێشکەش کرابوو، یەکێک لەوانە ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی پێشکەشمان کردبوو سەبارەت بە یاسای بیمەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بوو کە بەبۆچوونی ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ جووتیاران کە ساڵانە تووشی هەندێک زیانی گەورە دەبن کە بە ویستی خۆیان نەبووە و ئومێد دەکەم ئەم پڕۆژە یاسایە لە کاتی خۆیدا پەسەند بکرێت چونکە لەم پڕۆژە یاسایەدا قەرەبووی جووتیار دەکرێتەوە کە تووشی ئەو رووداوانە دەبن کە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە''.

لەبارەی تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، عەبدولستار مەجید وتی: ''بابەتێکی دیکە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بوو، چونکە فەرمانبەرێکی زۆرمان هەیە کە بەپێی یاسا لەماوەی سێ ساڵ تا پێنج ساڵ  مافی خۆیەتی ببێتە هەمیشەیی، بەڵام فەرمانبەر هەیە ماوەی دە ساڵە هەر گرێبەستە و ئێمە پشتگیری ئەم پڕۆژەیاسایەش دەکەین، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر رەزامەندی دەربڕیبوو کە فەرمانبەران بکرێنە هەمیشەیی و رایگەیاندبوو کە بارگرانی دروست ناکات، بەڵام بەداخەوە دوێنێ حکوومەت داوای لە پەرلەمان کردووە کە پڕۆژە یاساکەیان بۆ بنێرنەوە بۆ ئەوەی  هەندێک زانیاری و بڕگەی دیکەی بۆ زیاد بکەن''.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمان وتیشی: ''ئێمە پێمان وایە ئەمە نایاساییە، چونکە هەر پڕۆژە یاسایەک کە دوای ئەوی رێککارە یاساییەکانی بڕی و پرس و را بە حکوومەت کرا، ئەوا دەبێت دەستبەجێ ئاراستەی لیژنەی تایبەت بکرێت و لەماوەی یاسایی خۆی راپۆرتی لیژنەی یاسایی ئامادە بکرێت و دەنگدانی دووەمی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت بەڵام بەداخەوە زۆربەی پەرلەمانتاران کە نوقتەی نیزامیان گرت و، سەرۆکی پەرلەمان رێگای پێ نەدان''.

لەبارەی گەڕانەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ حکوومەت، عەبدولستار مەجید وتی: ''دوو حاڵەت هەیە، یان ئەوەتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەندازەیەک پەشیمان بووەتەوە، یان ئەوەتا دەیانەوێت بابەتەکە بکەنە دەستکەوتێک بۆ حکوومەت نەک پەرلەمان''.

جێی ئاماژەیە یەکێک لە تەوەرەکانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردبوو کە پڕۆژەکەیان بۆ بنێرنەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەم تەوەرە نەخرایە بەر باس و گفتوگۆ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×