فرانس پرێس: ئەمڕۆ چوار خۆپیشاندەر لە بەغدا كوژراون
  2019-11-14       814       

ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری چەند سەرچاوەیەكی پزیشكییەوە بڵاویكردۆتەوە، لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغدادا، چوار خۆپیشاندەر بە بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون.

ئاوێنە: ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ پێنجشەممەی بەغدادا هێزە ئەمنییەكان بۆمبی گازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێناوەو لەئەنجامی ئەوەش چوار خۆپیشاندەر كوژراون ئەوەش دوای ئەوەی بریندار بون.

سەرچاوەكانی فرانس پرێس ئەوەشیان وتوە، كە هەر ئەمڕۆ لەنزیك پردی "سەنك" لەنزیك گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، 55 خۆپیشاندەری دیكە بریندار بون.

لەخۆپیشاندانەكانی بەغداو شارەكانی دیكەی عێراقدا كە لە سەرەتای مانگی رابردوەوە دەستیان پێكردۆتەوە زیاتر لە 300 كەس كوژراون و بە هەزاران كەسیش بریندار بون.

هەرچەند داوای خۆپیشاندەران لەقۆناغی یەكەمدا داوای خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی كار بو، بەڵام لە ئێستادا داواكارییەكان گۆڕاون بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، دەركردنی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن و دانانی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن و هەروەها هەمواركردنەوەی دەستور.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×