مەحما خەلیل: دەمانەوێت پەکەکە لە شنگاڵ دەربچێت
  2019-11-14       891       
قایمقامی قەزای شه‌نگال رایگەیاند، ''دەمانەوێت هێزێکی هاوبەش پێکبهێندرێت لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی و پەکەکە لە شنگال دەربچێت''.
 
ئاوێنه‌:  مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شه‌نگال رایگەیاند ''پەکەکە شەنگاڵی کۆنترۆڵکردووە و ناهێڵێ ئیدارەی شەرعی و خه‌ڵکی شنگال کاروباری خۆی رایی بکات. لەهەمان کاتدا مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. حەشدی شەعبی هەندێک رەفتار دەکات وەکو قەدەغەکردنی بازرگانی و سنوورەکانی جێهێشتووە. ئەمە نامەیەکی جوان نییە بۆ خەڵکی شنگال. ناکرێت گۆڕانکاری دیموگرافی بەردەوام بێت و خەڵک نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی. مادەم کێشەیەکی ئەمنی قورس هەیە و جموجۆڵی داعش پەیدابوونە، واتە کێشەیەکی سیاسی هەیە و ئەمەش کێشەی خزمەتگوزاریی درووستکردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزی. چەکێکی زۆر لە شنگاڵ هەیە و خەڵکیش لەسەر ژیانی خۆی دەترسێت چونکە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان''.
 
قایمقامی قەزای سنجار لەبارەی ئالیەت و دۆسیەی ئەمنی قەزاکە وتی، ''دەبێت کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لەدەستی حکوومەتی عێراقییەوە بێت بەپێی دەستوور. لەئێستادا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان نییە. ناوخۆی شنگالی پۆلیسی خۆجێییە و بازگەکانیش لەدەستی پەکەکە دایە و لەگەڵ حەشدی شەعبی لەهاوکاریدان''.

لەبارەی داخوازییەکانیانەوە مەما خەلیل رایگەیاند کە دەیانەوێت هێزێکی هاوبەش پێکبێت و بەم شێوەیە باسی چۆنیەتی هێزەکەی کرد: ''ئێمە دەمانەوێت هێزێکی هاوبەش پێکبهێندرێت لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی. بەر لە ساڵی ٢٠١٤ هێزێکی لەوجۆرە هاتە جێبەجێکردن. دەمانەوێت ئەم ئالیەتە دووبارە بکرێتەوە و پەکەکە لە شەنگال دەربچێت چونکە شنگال جێی پەکەکە نییە. مەترسی هەیە دووبارە خەڵکی شنگال بەهۆی پەکەکە و بۆردوومانەکانی تورکیا دووبارە ئاوارە ببنەوە. ئەو هێزەی عەرەبی کە هاتوونەتە شنگاڵ بەبێ فلتەری ئەمنی هاتوون و بوونەتە مەترسی، بۆیە داوا دەکەین هێزێکی هاوبەش پێکبهێندرێت و یاساکانی عێراق و سیستەمی دەوڵەتی عێراقی کاری پێبکرێت. ئەمەش مافە دەستوورییەکانی خەڵکی شنگالە و بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق هاوکاری پەکەکە دەکات و حەشدی شەعبی دەنێرێتە شنگال''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×