2019-11-14   1975     
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات کە ئهردۆغان و ترەمپ هاوشێوەی یەکن و هەردوکیان زاواکانیان لە دەسەڵاتەکانیاندا بەکارهێناوە، لەم بارەیەشەوە لێکۆڵینەوەیەک بڵاو دەکەنەوە.
ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لێکۆڵینەوەیەک لەسەر زاواکەی ئهردۆغان کە ئێستا وەزیری دارای تورکیایە، و زاواکەی ئایدن دۆغانی بازرگانی تورک کە هاوبەشی بازرگانیی ترەمپە و زاواکەی ترەمپ کە ڕاوێژکاری باڵای ترەمپە، بڵاودەکاتەوە. ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات زاوای هەرسێ دەسەڵاتدارە باڵاکە کە دوانیان سەرۆکی دوو وڵاتن، بە شێوەیەکی باڵا لە نێو حکومەتدا ئەرکیان پێسپێردراوە.
ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات ئەم سەرۆکانە دەیانەوێت هێڵێکی دەسەڵات لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن بۆ ئەم مەبەستەش زاواکانی خۆیان بەکار دەهێنن.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات زاواکانی ئەم سێ بەرپرسە، چەندین کۆبونەوەیان لە پشتی پەردە و دوور لە میدیاکانەوە ئەنجامداوە، ئەم کۆبونەوەی زاوایانە بووەتە هۆی ئەوەی کە بڕیار لە داهاتوی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بدرێت.
ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات ئهردۆغان لە کاتێکدا کە کێشەی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت وەک هەبونی کێشە لە کاتی کڕینی سیستەمی بەرگری ڕوسی ئێس ٤٠٠ زاواکەی بەرات ئاڵبایراک و شەریکی ترەمپ یاڵچینداغ دەنێرێتە لای زاواکەی ترەمپ جارێد کوشنەر و ئەوان لە ژێرەوە کێشەکان چارەسەر دەکەن.
ئەم دۆستانە ڕژێمێکی کاپیتاڵیستیان دروست کردووە
ڕۆژنامەکە باس لەو کۆبونەوانە دەکات کە لەلایەن زاوای سەرۆکەکانەوە ئەنجامدراوە نمونەش بە سەردانی ئاڵبایراک دەکات لە مانگی نیساندا بۆ کۆنفرانسێک لەوێدا لە هۆتێلی ئینتەرناشیۆناڵ کە هۆتێلەکە خاوەنەکەی دۆناڵد ترەمپە ماوەتەوە پاشانیش لەلایەن کوشنەرەوە بانگهێشتی واشنتۆن کراوە و لەوێدا کۆبونەوەیان ئەنجام داوە.
ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات ئهردۆغان و ترەمپ خێزانەکانیان لە کاتی پێویستدا وەک دەرگای پشتەوە و دوور لە چاوی کامێراکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بەکار دەهێنن. ئەمە تەنها بۆچونی ڕۆژژنامەکە نییە بەڵکو باڵوێزی پێشوی ئەمریکا لە ئەنقەرە ئێریک ئەدەلمان دەربارەی پەیوەندیەکانی نێوان ترەمپ و ئێردۆغان دەڵێت، ''ترەمپ دەیەوێت پەیوەندیە فەرمیەکان لە ڕێگەی پەیوەندی نافەرمیەوە بەرەو پێشەوە بەرێت، ترەمپیش ئەم کارەی پێ خۆشە چونکە ڕێگە خۆشکەر دەبێت کە ڕێژیمە تاکڕەوانەکەی خۆی بەرەو پێشەوە بەرێت''، بەڵام ئەم هەنگاوانەی هەردوو سەرۆکەکە نیگەرانی لای هاوڵاتیانی ئەمریکا دروست کردووە.