هەسەدە ئاماری شەڕو بەرخۆدانی ڕۆژی ٣٦مینی بڵاوکردەوە
  2019-11-14       560       
هەسەدە بە ڕاگەیەندراوێک ئاماری ڕۆژی ٣٦مینی بەرخۆدانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی داگیرکەر ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی، هەوڵدانیان بۆ داگیرکردنی ناوچەی نوێ فراوانتر کردووە.

ئاوێنه‌: ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئاماری بەرخۆدانی شکۆمەند لە ڕۆژی ٣٦مینی ڕاگەیاند، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و گروپی چەتەکانی، بەئامانجی داگیرکردنی ناوچەی نوێ فراوانتر بووەتەوە، شەڕڤانانیش لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستنی ڕەوادا وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوەو ٤ شەڕڤان شەهیدبوون و ١٤ی دیکەش برینداربوون.

ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە بەمشێوەیە هاتووە:

"هێرشی ئاسمانی و زەمینی سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی، بۆسەر ناوچە مەدەنی نشینەکان بەردەوامە و هەوڵدانیان بۆ داگیرکردنی هەرێمی نوێ فراوانتر کردووەتەوە.

تل تەمر و ئەبو ڕاسێن

سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی، بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی ، ئینگ ئەلهەوا، ئەبوش، و ئم شەیفا، ئەو گوندانە لەژێر پاراستنی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی سوریانی دایە و لە دەرەوەی ناوچەی ئاگربەست دایە، سوپای داگیرکەر هێرشەکانیان بۆسەر هەرێمەکانی ئاشوری لە باکوری تل تەمر زیاتر کردووە و هەوڵ دەدەن ئەو هەرێمانەی کە دەکەوێتە دەرەوەی ناوچەی ئاگربەست داگیربکەن، لەئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ژمارەیەکی زۆر لە پێکهاتەی ئاشوری بەناچاری گوند و شوێنی خۆیان جێهێشتووە و کۆچبەر بوونە.

سوپای داگیرکەر هێرشیان کردە سەر ئەمبوڵانسێک، شوفێرەکەی شەهیدبوو

سوپای داگیرکەر، بە تانک، تۆپ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەزازییە، داودییە، ئەربەعین و تل لەبەن و هەوڵیاندا ئەو گوندانە داگیربکەن، هەروەها فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای داگیرکەر لەکاتێکدا ئەمبوڵانسێک بریندارانی ئەو هەرێمەی دەگواستەوە بۆردوومانیان کرد و لەئەنجامیشدا ئەمبوڵانسەکە سوتاو شوفێرەکەش شەهیدبوو.

 سوپای تورک مین دەچێنن

سوپای داگیرکەری تورک لە چەندین هەرێمی مەدەنی نشینەکان مین دەچێنن بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتیانە نەتوانن بگەڕێنەوە سەر وارو جێگای خۆیان.

عەین عیسا

سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی، بە چەکی قورس، هاوەن، موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی مەسعودیە، کەفیفێ و خربەت بەقەرە و هەوڵیان دا ئەو هەرێمانە داگیربکەن و بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چەندین ناوچەی ئەو هەرێمەیان بۆردوومان کرد.

لەئەنجامی بەرخۆدانی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی سوریانی لەدژی هێرشی داگیرکەری، ژمارەیەک چەتە کوژران.

لە هێرشی داگیرکەری بە تۆپ، تانک و فڕۆکەی سیخوڕی، بە گشتی ٤ هەڤاڵمان و ژمارەیەک لە شەڕڤانی ئەنجوومەنی سەربازی سوریانی شەهیدبوون، ١٤ هەڤاڵیشمان برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×