لە ئێران نرخی بەنزین سێ هێندە بەرزبوەوە
  2019-11-15       1279       

كۆمپانیای نیشتمانی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران رایگەیاند، نرخی بەنزین لەسەرو ئەو پشكە مانگانەیەی دانراوە، بۆ سێ هێندە بەرزدەبێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوی كۆمپانیای نیشتمانی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران، نرخی ئەو پشكە بەنزینەی مانگانە دەدرێتە شۆفێران یەك هەزار و 500 تمەن دەبێت و لەسەرو ئەو بڕەشەوە نرخی هەر لیترێك سێ هەزار تمەن دەبێت و هەروەها نرخی بەنزینی سوپەر سێ هەزارو 500 تمەن دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە پشكی مانگانەی ئۆتۆمبێلەكان بەپێی جۆرەكانیان لە 30 لیترەوە دەست پێدەكات بۆ 60 لیتر و، پشكی مانگانەی ماتۆڕسكیلیش 25 لیتر دەبێت.

بەر لەوە نرخی یەك لیتر بەنزین لە سەرو پشكی مانگانەوە، تەنها یەك هەزار تمەن بو.

كۆمپانیاكە رایگەیاندوە، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەماهەنگی ئابوری پێكهاتو لە سەرۆكایەتی هەر سێ دەسەڵاتەكە، پشكی بەنزین بۆ سەرجەم ئامڕازەكانی گواستنەوە دیاریكراوە.
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە كە رۆژانە 90 ملیۆن لیتر بەنزین لەو وڵاتە بەكاردەهێنرێت.

دوابەدوای دەرچونی بڕیارەكە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە هاوڵاتیان لەچەند ناوچەیەكی ئێران هێرشیان كردۆتە سەر ژمارەیەك بەنزینخانەو هەندێكیان ئاگر تێپەڕداون بەڵام، بەرپرسانی ئێران ئەو دەنگۆیانەیان رەتكردنەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئیسنا، بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندوە، لەكاتی راگەیاندنی نرخ و پشكە نوێیەكانی بەنزینەوە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی لەوجۆرە روینەداوە.

ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو هەواڵانەی باس لە ئاگرتێپەردانی بەنزینخانەكان لە پارێزگاكانی ئەسفەهان، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، خوزستان و چەند ناوچەیەكی دیكە دەكەن، راست نین.

لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژمارەیەك وێنەی ئاگرتێپەردانی بەنزینخانەیەك بڵاوكراوەتەوە بەڵام ئاژانسی ئیسنا دەڵێت، ئەو وێنانە كۆنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×