"ژماره‌یه‌ك له‌دادوه‌ره‌ مانگرتووه‌كانی‌ گه‌رمیان وه‌ك سزا گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ دیكه‌"
  2019-11-15       1263       

ژماره‌یه‌ك له‌دادوه‌ره‌ مانگرتووه‌كانی‌ گه‌رمیان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سزا دراون‌و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم‌و پله‌و پۆسته‌كانیشیان دابه‌زێنراوه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌و دادوه‌رانه‌ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێن، "ئێمە ئێستا دوای چەندین ساڵی خزمەت گوازراوینەتەوە بۆ شارەکانی ھەولێرو سلێمانی‌و ڕانیە وەسزای ترمان وەرگرتووە لەدابەزاندنی پلەوپۆستەکانمان".

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "داواکارین لەلیژنەی پەرلەمان لیکۆڵینەوەی وردو جدی بکات لەڕەوشی دادوەری گەرمیان‌و داواکاری ئێمە لەچاکسازی بھێنێتە دی‌و ڕاستیەکان ئاشکرابکرێن."

ئه‌و دادوه‌رانه‌ی‌ سزادراون پێكهاتون لەدادوەران (حەبیب حەمیدو سیروان خدر)و داواکارانی گشتی (نزار حەسەن‌و بورھان ئەحمەد).


دەقی ڕاگەیاندراوەکە:


بەناوی خوای گەورەو میھرەبان

ھەمووکەس و لایەک ئاگادارە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا، چەند دادوەر و داواکارێکی گشتی مانمانگرتبوو نەک لەبەر مووچە و ئیمتیازات، بەڵکو لەپێناو جێبەجێکردنی یاسا و پرۆسەی چاکسازی، ئەوەندەی لەتوانا و ئیرادەماندا بوو درێغیمان نەکرد، وە ئومێد دەکەین ئەنجوومەنی دادوەری زوو یان درەنگ لە نیازپاکیمان بگات، وە ئێمە مەبەستمان تەنھا چاکسازی بوو لەو بوارەی کاری تێدا دەکەین، وەکو خەڵکی تر بێ دەنگ نەبووین، کە دەبوو سوپاسکراباین نەک وەرگرتنی سزا کە بە شانازی دەزانیین، چونکە چاکسازی باجیشی دەوێ.

ئێمە نازانین بە چ زمانێک سوپاسگوزاری خەڵکی گەرمیان بین بۆ پەرۆشیان وە  بۆ ھاودەنگی و خەمخۆریان لەو چەندڕۆژەی کەمانمانگرتبوو زمانمان لاڵە لە ئاستی دڵسۆزیتان وەدڵخۆشین بەوەی کە خزم و کەس و دۆستی وەکو ئێوەمان ھەیە، وە ئێمە تەنھا شتێک خەمباری کردبین ئەوەیە کە نەمانتوانی وەکو پێویست خەون و خواستەکانی ئێوە لە چاکسازی بەدی بێنین. 

ئێمە ئێستا دوای چەندین ساڵی خزمەت گوازراوینەتەوە بۆ شارەکانی ھەولێر و سلیمانی و ڕانیە وەسزای ترمان وەرگرتووە لە دابەزاندنی پلەوپۆستەکانمان، داواکارین لە لیژنەی پەرلەمان لیکۆڵینەوەی ورد و جدی بکات لەڕەوشی دادوەری گەرمیان و داواکاری ئێمە لە چاکسازی بھێنێتە دی و ڕاستیەکان ئاشکرابکرێن. ئێمە ھەردوو داواکاری گشتی سوپاسی بەڕێزان وەزیری داد و سەرۆکی داواکاری گشتی دەکەین بۆ ھاوکاری و ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەری گرفتەکان وەھەموومان سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان دەکەین، ھەوڵ و کۆشش و ئامادەبوونیان بەرزدەنرخێنین.

وە بۆ میدیاکاران وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەدەنگی ئێمەیان بەجوانی گەیاند، وەبۆ سەرجەم سەندیکاو چین و توێژەکان وە ماڵئاوایی لە خەڵکی گەرمیانی بەش مەینەت دەکەین کە جێیان دەھێڵین، بەڵام پەیمان لەگەڵ خواو خەڵکی دووپات دەکەینەوە کە ھەمیشە سەربازی حەق بین وە ئەمانەت پارێزی یاسابین. بمێنن بە خۆشی.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×