"تا پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق دیاری نەکرێت، سەختە هەرێم پڕۆژە یاسای بودجە ئاماده‌ بکات"
  2019-11-15       652       
قوباد تاڵەبانى

قوباد تاڵەبانی، ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ده‌به‌ستێته‌وه‌ بەدیارکردنی پشکی کورد لەبودجەی عێراق‌و ده‌ڵێت، تا پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق دیاری نەکرێت، سەختە هەرێم پڕۆژە یاسای بودجە ئاماده‌ بکات.

ئاوێنه‌: سەبارەت بەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی‌ 2020ی هەرێمی‌ كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "هەرێم پێویستی بەپڕۆژە یاسای بودجەی خۆی هەیە، چونکە هەرێم لەدۆخێکی قەیراناویدا بو، بۆیە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکردن‌و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی (2020)ی عێراق، هەرێمیش پڕۆژە یاسای خۆی ئامادە بکات، بەڵام تا پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق دیاری نەکرێت‌و بەرچاورون نەبین، سەختە هەرێم پڕۆژە یاسای بودجە رەوانە بکات".

له‌باره‌ی‌ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی له‌موچه‌ی‌ خانه‌نیشان، ناوبراو ده‌ڵێت، پڕۆژەکە هەنگاوی باشی بڕیوەو حکومەت سەرقاڵی ئەوەیە بەشی خۆی لەپڕۆژەکەدا تەواو بکات‌و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو بەشەیە کە دەچێتە پەرلەمان‌و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، هەروەها دەیانەوێت ئەو پڕۆژە یاسایە بەتۆکمەیی بچێتە پەرلەمان‌و بەزۆرترین دەنگ پەسەند بکرێت.

سەبارەت بەگفتوگۆکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، قوباد تاڵەبانی وتویه‌تی‌، "گفتوگۆکانیان زۆر باش بوەو چەندین لیژنەیان پێکهێنابو، لەگەڵ دو لیژنەی سەرەکی، کە ئەرکیان پرسی نەوت‌و بودجە بو، لەگەڵ  پرسی مادەی 140، بەڵام گرژییەکانی ئەمدواییەی عێراق‌و بەغدا سستییەکی خستە گفتوگۆکانەوە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکانی هەردولا دەستیپێکردوەتەوەو دەخوازن بگەنە دەرەنجامێکی باش لەگفتوگۆکان".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×