لەچەند شارێکی ئێران خۆپیشاندان‌و گردبونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
  2019-11-15       621       

له‌به‌رامبه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ به‌نزین، لەچەند شارێکی ئێران خۆپیشاندان‌و گردبونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایی ئه‌نجامدرا.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ به‌بڕیاری‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران، نرخی هەر لیترێك بەنزین له‌هەزار تمەنه‌وه‌ بۆ  سێ هەزار تمەن زیادكراو ئه‌وه‌ش نیگه‌رانیی‌و ناڕه‌زایی هاوڵاتیان‌و شۆفێرانی‌ لێكه‌وته‌وه‌و لەشارەکانی ئەهواز، شیراز، بەندەرعەباس، ماهشەهرو چەند شوێنێکی تارانی پایتەختی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو.
 
بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی ئێران، شۆفێران لەمانگێکدا دەتوانن ٦٠ لیتر بەنزین بەنرخی حکومەتی وەربگرن کە هەزارو ٥٠٠ تمەنی لەسەر دانراوەو نرخی ئازادەکەشی سێ هەزار تمەنە بۆ هەر لیترێک.

هاوكات لەوەڵامی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ئێران سەبارەت بەگرانبونی نرخی بەنزین، حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەمیانی كۆبونەوەیەكی حكومیدا كە ئەمڕۆ هەینی ئەنجامدراوە دوپاتیكردۆتەوە، حكومەت نیازی نەبوە نرخی بەنزین زیادبكات‌و رێگریی لەبڕیارێك كردوە بۆ زیادكردنی نرخی یەك لیتر بەنزین بۆ نزیكەی پێنج هەزار تمەنی ئێرانی.

ئاماژەی بەوەشكردوە، "ماوەیەكی زۆرە حكومەت ویستویەتی هاوكاری هەژاران بكات، بەڵام بەهۆی كورتهێنانی بودجەو ئاستی دارایی نەیتوانیوە ئەو كارە ئەنجامبدات، ئێستاش ئەو پارە زیادەیەی كە لەنرخی بەنزین وەردەگیرێت دابەشدەكرێت بەسەر چینە هەژارەكاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×