دوایین زانیاریەکان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق
  2019-11-16       1191       
دوای هەفتەیەک له‌ رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، خۆپیشاندەران بەتەواوی دەستیان گرت بەسەر گۆڕەپانی خەللانی کە دەچێتەوە سەر پردی سەنک و لەوێشەوە دەچێتەوە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

ئاوێنه‌: هەفتەیەک پێش ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق خۆپیشاندەرانیان لە پردی سەنک و گۆڕەپانی خەللانی دوورخستەوە و بەمەبەستی رێگرییکردن لە دووبارە گەڕانەوەی خۆپیشاندەران، بەربەستی کۆنکرێتییان دانا.

هێڵی پێشه‌وەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی خەللانی لە میانی هەفتەی رابردوودا رووبەڕووبوونەوەی توندی بەخۆیەوە بینی کە سەخترینیان شەوی هەینی رابردوو بوو کە بەهۆیەوە سێ خۆپیشاندەر کوژران.

هێزە ئەمنییەکان بەتەواوەتی لە گۆڕەپانەکە کشانەوە و لە بەری رۆژئاوای پردی سەنک جێگیربوون، دوای ئەوە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکە و کەناری رۆژئاوای پردی سەنک بڵاوبوونەوە.

پردی سەنک دەچێتەوە ناوچەی سەوز کە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی نوێنەران، ماڵی بەرپرسانی حکوومی و نێردە دیپلۆماتییە بیانییەکان لەخۆدەگرێت.

ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن خۆیان بگەیەننە ئەو ناوچەیە و لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان بە بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی پلاستیکی و راستەقینە رووبەڕوویان دەبنەوە.

ئەم هەنگاوەی خۆپیشاندەران بە دەستبەسەرداگرتنیان بەسەر گۆڕەپانی خەللانی و پردی سەنک بە پێشهات دادەنرێت، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا ئاستی ناڕەزایەتییەکان کەمبکەنەوە و خۆپیشاندان تەنها لە گۆڕەپانی تەحریر کۆبکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان پردی ئەحڕار-یان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست.
 
 هێزە ئەمنییەکان پردی ئەحڕار-یان بە بەربەستی کۆنکرێتی بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخست.
هێزە ئەمنییەکان مەترسی ئەوەیان هەیە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی خەللانی و لە رێگەی پردی ئەحڕارەوە خۆیان بگەیەننە ناوچەی سەوز.

ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندەران لە هەوڵدان لە رێگەی هەردوو پردی ئەحڕار و سەنک خۆیان بگەیەننە ناوچەی سەوز، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان بە بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی پلاستیکی و راستەقینە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، خۆپیشاندەران چەند لیژنەیەکی ئەمنییان پێکهێناوە بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی روو لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغداد دەکەن دوای ئەوەی شەوی هەینی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گۆڕەپانەکە تەقییەوە و بەهۆیەوە چوار خۆپیشاندەر کوژران.

خۆپیشاندەران چەند خاڵێکیان داناوە بۆ پشکنینی دەوروبەری گۆڕەپانی تەحریر و چەند گرووپێکی دیکەش ئەرکیان پشکنینی ئەو کەسانە دەبێت کە روو لە گۆڕەپانه‌كه‌ دەکەن بەئامانجی رێگریکردن لە دووبارە به‌ ئامانج گرتنیان.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوه‌ تا ئێستا خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێودەچێت و بەپێی دوایین ئامار که‌ کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەکاندا بوونەتە قوربانی، زیاتره‌ لە ٣٣٥ کوژراو و ١٥ هەزار بریندار.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×