''گەندەڵییەکانی کۆمپانیای بەڕێز و مه‌لا یاسین دەگاتە پەرلەمان''
  2019-11-17       3751       
دو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بەدواداچون بۆ گەندەڵییەکانی کۆمپانیای (بەڕێز) دەکەن و بە پێی یاداشتێک کە ئاراستەی پەرلەمانیان کردوە، دەردەکەوێت کۆمپانیاکە چەندین گەندەڵی گەورەی ئەنجامداوە.

ئاوێنه‌: هەردو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان  عەلی حەمەساڵح ‌و دابان محەمەد لە یاداشتێکی (14) خاڵیدا كە رۆژی (6) ی ئەم مانگە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردوە‌، بە پێی یاداشتەکە دەردەکەویت، کۆمپانیای بەڕێز کە مەلا یاسین خاوەنداری دەکات چەندین گەندەڵی لە پڕۆژەکانیدا ئەنجامداوە وەک، تەواو نەکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبون و گۆڕانکاریکردن لە نەخشەی خانوەکان و گۆڕینی روبەری سەوزایی و خزمەتگوزاری پڕۆژەکان  و فرۆشتنەوە پڕۆژەی مۆڵەت پێدراو بە وەبەرهێنەری دیکە بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار.

لە بەشێکی دیکەی بە دواداچونەکە، دەردەکەوێت کە کۆمپانیای بەڕێز لە رێگەی سپیکردنەوە  چەکی پارە بەناوی دروستکردنی (900) خانو بۆ کەسوکاری شەهیدا، بڕی (30) هەزار تەن چیمەنتۆی لە تاسلوجە وەرگرتوە، لە کاتێکدا ئەو چیمەنتۆیە مەدعومە و بۆ هاوڵاتیانە، وەرگرتنی پارەکەش بە چەک تەواو نایاساییە، لە کاتێکدا نازانرێت ئەو (900) خانوەی شەهیدان لە چ پڕۆژەیەکدایە.

ئەوەش خراوەتە رو، کە مەلا یاسین لە ناحیەی رزگاری گەرمیان مۆڵەتی پڕۆژەیەک وەردەگرێت، بەڵام بە بێ دەستکاری مۆڵەتەکە دەفرۆشێتەوە بە کەسێکی دیکە، کەسی دوەمیش بە بێ دەستکاریکردن شوێنی پڕۆژەکەی گۆڕیوە بۆ باشترین شوێنی کەلار کە بەهاکەی ملیۆنان دۆلارە، واتا مۆڵەتێکی وەبەرهێنان کە دراوە بە کۆمپانیاکەی مەلا یاسین بە بێ ئەوەی بلۆکێکی لێ دانرابێت مامەڵەی ملیۆنان دۆلاری پێوەکراوە.

لە نوسراوەکەدا، هەردو پەرلەمانتارەکەی گۆڕان داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە سەر زانیارییەکانی ناو بەدواداچونەکە پێکبهێنن و بڕیاری پێویست لەسەر گەندەڵییەکانی کۆمپانیاکە بدەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×