بەڕێوەبەری ناحیەیەك لەسەر پشكی گۆڕان دەستی لەكاركێشایەوە
  2019-11-17       1018       

بەڕێوەبەرى ناحیەى وارماوا دەستى لەکارکێشایەوە و دەشڵێت، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی ناڕەزایەتییە دژى زیادەڕۆیى بۆ سەر موڵکی دەوڵەت.

ئاوێنە: کامەران عەبدوڵا، کە لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەبەرى ناحیەى وارماوایە لە راگەیەندراویکدا، وتی"دەستلەکارکێشانەوەم وەک هەڵوێستێکی ناڕەزاییە بەرامبەر ئەو زیادەڕۆییە گەورەیەی کراوەتە سەر بەشێک لەپارچە زەوی ژمارە (29)ى کەرتی (41)ى دیسکەرە، لەژێر ناوی (مەیدانی ئاژەڵان) کە سەرەڕای بڕیای دادگاو وەزیری ناوخۆ بەتێکدان و هەڵگرتنی زیادەڕۆییەکە، هەروەها سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیە چوار جار فەرمانی روخاندن و لابردنی زیادەڕۆییەکەی دەرکردوە، بەڵام تا ئێستا ئەم زیادەڕۆییە لەجێگەی خۆی ماوەتەوە."

بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوە جەختی کردۆتەوە کە؛ ئەو پڕۆژەیە لەلایەن ناحیەکەیانەوە وەک زیادەڕۆیی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بابەتێکی ناپەسەند بوە لەڕوی شارستانی و ژینگەییەوەو شوێنەکەی زۆر نەگونجاوە، لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتی نییەو هیچ شەرعیەتێکی یاسایی وەرنەگرتوە.

کامەران عەبدوڵا ئەوەی خستوەتەڕو کە لەوەش خراپتر ئەوەیە کە لەئێستادا مامەڵەی خەمڵاندن و بەکرێدان بۆ ئەم پڕۆژەیە کراوە، بەڵام لەسەر سورەت قەیدو موڵکێکی تر کە هی ئەو موڵکە نییە زیادەرۆییەکەی لەسەر کراوە.

بەڕێوەبەرە دەستلەکارکێشاوەکە ئاشکرای کردوە؛ هەندێک لە دامودەزگاکانی ناوچەکە بە ئاڕاستەی پێچەوانەی بڕیاری دادگاو وەزارەتی ناوخۆوە کاریان کردوە، هەندێکیشیان هاوکار نەبون، ئەمەش روگیرییەکی گەورەی بۆ ئیدارەی ناوچەکە دروست کردوە.

کامەران عەبدوڵا، ئاماژەى بەوەشکردوە، لەبەر ئەو هۆکارانە بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەیداوەو رۆژى (13/11/2019) پارێزگاى سلیمانى رەزامەندى لەسەر داواکارییەکەى دەربڕیوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×