رێكخراوێك: لەرۆژهەڵاتی كوردستان 21 خۆپیشاندەر كوژراون
  2019-11-17       1031       

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكانی شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا دژ بە گرانبونی نرخی بەنزین لە ئێران، 21 خۆپیشاندەر كوژراون و 142ی دیكەش بریندار بون.

ئاوێنە: رێكخراوەكە كە چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ئەمڕۆ یەكشەممە، دوایین ئاماری قوربانیانی رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەكانی شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردەوە.

بەپێی ئامارەكە لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی شەممەدا 21 خۆپیشاندەر لە جوانڕۆ، سنە، مەریوان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران كوژراون و 142 كەسی دیكەش بریندار بون.

هەر بەپێی ئامارەكە لەو ژمارەیە 14 خۆپیشاندەر لە جوانڕۆ كوژراون و 52ی دیكەش لەو شارە برینداربون و ناسنامەی دو کەس لە کوژراوانی جوانڕۆ پێكدێن لە “کاوە محەممەدی” و “حەمزە نەقدی” و یەکێکی دیکە لە کوژراوان فەرمانبەری شارەوانی بوە.

لە مەریوان بەگوێڕەی ئامارەكەی هەنگاو، شەش خۆپیشاندەر كوژراون و 50 كەسی دیكەش كە سێ لەوانە منداڵن بریندار بون.

ناسنامەی چوار کەس لە کوژراوەکان مەریوان پێكدێن لە: “عوسمان نادری”، “مێهران تاک”، “شاهۆ وەلیدی” و “بێهروز”.

هەروەها بەپێی ئامارەكە لە شاری سنە لاوێکی تەمەن 16 ساڵ کوژراوە و 25 کەسی دیکە بریندارن.

هەروەها لە شاری کرماشانیش 15 هاوڵاتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار کراون.

لەبەرامبەر زیادكردنی نرخی بەنزین بۆ سێ هێندە، شەوی هەینی ژمارەیەك لەهاوڵاتیانی شارەكانی ئێران رژانە سەر شەقامەكان و بۆ رۆژی شەممەش ناڕەزایەتییەكان لە شارەكانی ئێران بەردەوامبون و 14 شارو شارۆچكەی رۆژهەڵاتی كوردستانیشیان گرتەوە.

بەپێی رێكخراوی هەنگاو ئەمڕۆش ناڕەزایەتییەكان لەبەرامبەر زیادكردنی نرخی بەنزیندا لە سنەو كرماشان بەردەوامیان هەبوە.

ناڕەزایەتییەكانی دوەم رۆژ لە سنەو كرماشان:

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×