ئەم بێتاقەتییە تا سەر درێژە ئەکێشێت
  2019-11-17       848       

بۆ هیلال ئیبراهیم

 

شیعری: بەهزاد ئەحمەد



ئەم بێتاقەتییە تا سەر درێژە ئەکێشێت
ئەم هوژە هوژەی ناوسەرم تاهەتاییە
ئەم ئازارە نەبڕاوەیە
ئەم مردنە قەدکراوە ئەبەدییە
ئەم گریانە نە سەرەتای هەیە و نە کۆتا
ئەم شەکەتییە نە بۆنی هەیە نە مانا
ئەمە سەرەتای هەموو بونێکە و کۆتایی گشت نەبوونێک
پێچانەوەی هەموو دەرگا کراوەکانە و داخستنی گشت دەرچەیەک
ئەم بێتاقەتییە تا سەر درێژە ئەکێشێت
تا سەر بڕکات ئەو دێت
تا چاو بڕکات ئەو ئەبینرێت
تا هەناسە بڕکات ئەو هەڵئەمژرێت
تا دەنگ بڕکات ئەو ئەبیسترێت
تا ئاو تینوێتی بشکێنێ ئەو ئەخورێتەوە
تا ماچ تامەزرۆیی عاشقێک بشکێنێت ئەو ئەدرەوشێتەوە
ئەم بێتاقەتییە تا سەر درێژە ئەکێشێت
ئەو خۆرەی کە هەڵدێت مژدەی جەهەنەمێکی پێیە
ئەو بەفرەی کە ئەبارێت رازی رەقبوونەوەیەکی هەڵگرتووە
ئاوازی گۆرانییە تەنهاکان پرسەن بۆ کۆمەلکوژییەکی نوێ
سەوزایی درەختەکان مزگێنی لەگۆڕنانی خاکن
هیچ زیندەوەرێک نایەتەبوون تا بەسەر لاشەی زیندەوەرێکی تردا بازنەدات
ئێرە سەرزەمینی مردووە جوڵاوەکانە
چیتر قسەکردن لە خۆکوشتنیش هیچ نییە جگە لە دانپیانانی مردوویەک
چیتر مەودای نێوان مەرگ و ژیان بچوکترە لە مەودای پەنجەکانت
مردنەکەت بخەرەوە ناو جانتاکەت
دەستبەرداربوون لە شتە بەنرخەکان شکۆدارییە
ژیانێکی بێنرخ چ پێویستێکی بە دەستبەردارییە
دڵ بەم ئومێدە ناکامانە خۆش مەکە
بێتاقەتییەکەت تاسەر درێژکەرەوە
رێ لەوەمەگرە دڵت لە سینەت دەرپەڕێت
خوێن لە چاوتەوە فوارەکات
ئازەرەکانت مەشارەوە
بەر بەگریان مەگرە
بەپێوە چاوەرێی هاتنی تەنیایت بکە
ئاهەنگ بۆ خەمۆکیت بگێڕە
هیچ ئومێدێک لە ئارادا نییە
هەڵبەز و دابەزی ئەم مرۆڤانە تەنها پەلەقاژەی مەرگە
مەرگێک، بێئاگان لەوەی تیایدا ئەژین
سەمای ئەم مەیمونانە وەک سەمای مریشکەبێ سەرەکانە دوای سەربڕینیان
ئیتر نەزەوی شوێنی ئۆقرەگرتنە و
نە ئاسمان بۆ فڕینە
ئەم بێتاقەتییە تا سەر درێژە ئەکێشێت
ئەوەی تروسکەی ئومێدێک بێت ئەوەیە کە لە نائومێدییەوە هەڵئەکات
ئەوەی تۆسقاڵێک هیوا ببەخشێت ئەوەیە کە لە بێهیواییەوە سەرهەڵئەدات
مردنەکەت هەڵگرەوە بۆ رۆژێک پێویستە و دەست ناکەوێت.

۱٤-۱٥/۱۱/۲۰۱۹


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×