جەمیل بایك: لە رۆژئاوا ئاگربەست لەئارادا نییە ئەوەی هەیە پشتگیریكردنی توركیایە بۆ قڕكردنی كورد
  2019-11-17       2656       

جەمیل بایك،  هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت"هەڵوێستی ئەمریکاو ڕوسیا بۆ کورد یەک شتە. بەتەواوی دوژمنکارانەیە بۆ قڕکردنی گەلی کوردو هاوکاریکردنی تورکیایە. ڕاستی ئەمەیە. نە ئاگربەست هەیە، نە هەوڵێکی چارەسەری. بەتەواوی پشتگیریکردنی تورکیایە بۆ قڕکردنی کورد."

ئاوێنە: جەمیل بایك لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تایبەتی "ستێرك تی ڤی"، لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەو هێزە نێودەوڵەتییەكان و ئیقلیمییەكان بۆچۆنی خۆی خستەڕو و پێی وایە لەناوچەكە جەنگی جیهانیی سێیەم بەڕێوەدەچێت بەڵام ئەم جەنگە جیاوازە لە هەردو جەنگی جیهانی یەكەم و دوەم.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی جیهانی سێیەم بەڕێوەدەچێت
جەمیل بایك ئاماژەی بەوەداوە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی جیهانی سێیەم بەڕێوەدەچێت. دو لایەنی سەرەکی ئەم شەڕە هەیە. لایەنەک بۆ جیهانەو لایەنەکیش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەكانی دیکەی جیهان نییە. خاوەن تایبەتمەندییەکە. هەمو شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بناغەی جیهانە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هاوسەنگی جیهان بناغەیە.

وتوشیەتی"دوای تێکچونی سۆڤیەت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوسەنگیەکان تێکچون و بۆشاییەک دروست بو. ئەمریکا کە خۆی وەک پێشەنگی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست دەبینێت، هەوڵیدا بۆشاییەکە پڕبکاتەوەو بەو شێوەیە دەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردا. بەم شێوەیە جەنگی جیهانی سێیەم دەستیپێکرد. ویستی ئەنجام بەدەستبهێنێت کە لە شەڕەکانی پێشوتریدا بەدەستینەهێنابو و دەسەڵاتێکی نوێ دروست بکات کە لە خزمەتی سیستمدا بێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو شەڕو تێکۆشانێکی گەورەدایە. گۆڕانی زۆر دروست بو و زیاتریش دروست دەبن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی ناوچەكە، دەسەڵاتەکانی ناوچەكە وەک پیشوتر نابن. ئەو ستاتویەی بەر لە جەنگی جیهانی سێیەم هەبو، نامێنێت. گۆڕانکاری دروست دەبێت. دۆخێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوڵقێت."

رونیشیكردۆتەوە"لە جەنگی جیهانی یەکەم و دوەمدا دو بەرەی دژی یەکتر هەبون. بەرە دەسەلاتدارەکان دژی یەکتری شەڕیان دەکردو دواتر ستاتۆیان دروست کرد. لە جەنگی جیهانی سێیەمدا بینرا ئیدی وەک پیشوتر بەرەی دژبەیەک بونیان نییە. دەسەڵاتدارەکان هەم لەدژی یەکتری شەڕ دەکەن و هەم بەیەکەوە لەپەیوەندیدان. هەروەها گەلانی ناوچەكە ڕێکخستنیان لە ئاستێکی بەرزدایەو تێدەکۆشن. واتە ستاتۆی نوێ بەتەنها لە لایەن دەسەڵاتدارەکانەوە دروست نابێت. دەسەڵاتدارەکان ناتوانن بە ئارەزوی خۆیان ستاتۆ دروست بکەن. تێکۆشانی گەلان کاریگەری لەسەریان دروست کردوە. بەوهۆیەوە هاوسەنگی و ستاتۆی نوێ لەسەر ئەو بناغەیە دەبن. واتە تێکۆشانی گەلان کاریگەری لەسەریان دروست دەکات."

"توركیا دەیەوێت كورد لەناو ببات و هێزە جیهانییەكان دەیانەوێت لەخزمەتی خۆیاندا بەكاری بهێنن"
بایك ئاماژەی بەوەداوە كە دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەمو شتێک بە ناوی کورد و کوردستان لەناوببات. دەیەوێت کورد نەمێنێت. ئەوانەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکێشی سیستم دەکەن، نایانەوێت کورد بە تەواوی لەناوبچێت. بەو هۆیەی دەبینن کورد لەناو ناچێت. پێشتر سیاسەتیان پشتگیریکردن بو لە تورکیا. بەڵام لەئێستادا گۆڕاوە، کورد تێگەیشتون و تێدەکۆشن. بەو هۆیەوە وەک تورکیا لەگەڵ کورد هەڵسوکەوت ناکەن. بێگۆمان تەڤگەری ئازادی و کوردی ئازاد قبوڵ ناکەن، دەیانەوێت کورد لە خزمەتی ئەوان دابێت. ئەمەش بوە هۆی ناکۆکی نێوان ئەوان و تورکیا. ئەوان وەک یەکتری بیرناکەنەوە. یەکێک دەیەوێت لەناو ببات و یەکێکیتر دەیەوێت لە خزمەتی خۆیدا بەکاریان بهێنێت. ئەمەش بوەتە ناکۆکی نێوانیان، بەڵام ناکۆکیەکان تاکتیکین. کاتێک گەل تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبات، یەکسەر بەرامبەریان دەوەستنەوە. نمونەکەش ڕۆژئاوایە.

"ئەمریكا دەیویست بە تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی دروست بكات بەڵام نەیتوانی"
بەپێی قسەی جەمیل بایك، ئەمریکا پیشەنگایەتی سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست دەکات و دەیویست بەتەنها لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری دروست بکات، بەڵام نەیتوانی. لەبەرئەوەی نە سیستمی کاپیتالیست و نە پێشەنگایەتی ئەمریکا بۆ سیستمەکە وەک جارانە. بەو هۆیەوە چین و ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان بە کار کرد. بەتایبەتی لەسوریا دەستوەردانیان کرد. بەو هۆیەوە لەنێوان هیزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست، هەم ناکۆکی و هەم هاوکاری هەیە. وەک سەردەمانی پێشوتر بەرەی دژ نییە. لەهەمان کاتدا هیزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و دەسەڵاتدارانی ناوچەكە پێویستیان بە یەکتری هەیەو بەیەكەوە دەجولێنەوە.

 جەمیل بایك لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی خستۆتەڕو كە گەلانی ناوچەكە ئیدی کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن و بۆ ئازادی تێکۆشان دەکەن. ئاپۆ بۆ مرۆڤایەتی و گەلان، پارادایمێكی نوێی خوڵقاند. ئەو پارادایمە، پشت بە دەوڵەت و دەسەڵات نابەستێت. خۆسەری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک قبوڵ دەکات. ژیانێکی ئازاد لەسەر بناغەی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی ژن دروست دەکات. ئەمەش لە ڕۆژئاوا جێبەجێکرا. کاریگەری لەسەر گەلانی ناوچەكەش کرد. کاریگەری لەسەر جیهان دانا. ڕۆژ بە ڕۆژ جیهان خاوەنداری لێدەکات. بەو هۆیەوەی لە دیدی ئاپۆدا جیهان و ژیانێکی نوێ دەبینن. گەل و بزوتنەوەی ئەو پارادایمە وەک بناغە دەبینێت، ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێز دەبێت. بەو هۆیەوە دەسەڵاتدارەکان چی دەکەن ناتوانن خەباتی گەلان ئاستەنگ بکەن.

 بایك جەختی كردۆتەوە كە دەوڵەتی تورک بۆ هەمو گەلان و هیزە دیموکراتەکان دوژمنێکی سەرەکییە. پێویستە کورد و گەلانی تر لەم راستیە باش تێبگەن. لەدژی دەوڵەتی داگیرکەرو قڕکەر بەیەکەوە تێبکۆشن. ئەو کاتە دەتوانن ئەنجام بەدەست بێنن. گەلانی هەرێمەکە پێویستە هێزەکانیان بکەن بە یەک و تێبکۆشن. ئەو کاتە ئەنجام بەدەست دێنن.

"ئەمریکا و ڕوسیا بۆ قڕکردنی کورد رێگەیان بە تورکیا دا"
سەبارەت بە رۆژئاوای كوردستان، جەمیل بایك رونیكردۆتەوە كە ئەمریكا هەوڵیدا هەم تورکیاو هەم کورد لەسوریا بۆ خۆی بەکاربهێنێت. بەم شێوەیە سوریایەک بەدڵی خۆی دروست بکات. ئەمریکا هیچ کاتێک دەستی لە تورکیا هەڵنەگرت. لەبەرئەوەی تورکیا ئەندامی ناتۆیە. پەیوەندی لەگەڵ کوردیش بەست، بەڵام درێژەی بە پەیوەندیبەکانی لەگەڵ تورکیا دا. ئەمریکا هەوڵیدا کوردو تورکیا بەپێی بەرژەوەندی خۆی، بەپێی بەرنامەی خۆی بەکاربهێنێت و نزیکی خۆیانی بکات. بەڵام تورکیا قبوڵی نەکرد. لەبەرئەوەی تورکیا دوژمنایەتی کورد دەکات. دەیەوێت کورد لەناوببات. بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیوت، یان بۆ من ئەبی یان دوژمنی منی. ئەمریکاش هەوڵیدا لەنێوان کوردانی ڕۆژئاواو تورکیادا پەیوەندی دروست بکات و هەردوکیان لە خزمەتی خۆیدا بەکار بهێنێت. بڕوای نەدەکرد ئەنجام بەدەست نەهێنێت. کاتێک بینی تورکیا قبوڵی ناکات، تورکیای وەك بناغە وەرگرت. لەبەرئەوەی زیاتر لەگەڵ تورکیا بەرژەوەندی هەیە. لەبەرئەوەی ئەندامی ناتۆیە. ڕاستە لەگەڵ کورد لەدژی داعش پەیوەندیەکی تاکتیکی دروست کرد. دواتر لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنی کردو بەو هۆیەوە بۆ ئەوەی هەرێمی ئارام دروست بکات. داوای لە کورد کرد قبوڵی بکات. کورد قبوڵی نەکرد. بەم شێوەیە ڕێگەیدا بە تورکیا هێرشی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بکات. دوای ئەوەی بەرخۆدانێک پیشاندرا، بینی ئەگەر ڕێگە لەو دۆخە نەگرێت، زەرەرمەند دەبن. لەگەڵ تورکیا دانیشت و ڕێککەوتن. ئامانجی رێککەوتنەکە کردنەوەی رێگەیە بۆ تورکیا. بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکەریبە. لەگەڵ تورکیا هەوڵی لاوازکردنی کوردیان دا. ویستی کوردان لاواز بکات بۆ ئەوەی مەجبوری ئەمریکا بن. بەم شێوەیە لە ڕێگەی تورکیا سوریایەک لە بەرژەوەندی خۆی دروست بکات. بەرنامەکەیان بەم شێوەیە بو. دواتر روسیا دەستی بە جوڵە کرد. بینی ئەمریکا ڕێگەی بە تورکیادا، هێزەکانی کشاندەوەو لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنێکی کرد. بینی تورکیا لاوازە، ویستی لاوازی تورکیا بەکاربهێنێت. هەم ئەمریکا و هەم تورکیا کوردیان کرد بە قوڕبانی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی. هەم ئەمریکاو هەم روسیا ڕێگەیان بە تورکیا دا. بەو هۆیەوە هەڵوێستی ئەمریکاو ڕوسیا بۆ کورد یەک شتە. بەتەواوی دوژمنکارانەیە بۆ قڕکردنی گەلی کورد هاوکاریکردنی تورکیایە. ڕاستی ئەمەیە. نە ئاگربەست هەیە، نە هەوڵێکی چارەسەری. بەتەواوی پشتگیریکردنی تورکیایە بۆ قڕکردنی کورد. تورکیا ئەمە بە ئاشکرا دەڵێت. دەڵێت"من قڕیان دەکەم. تورکەکان لەو هەرێمە نیشتەجێ دەکەم. چەتەکان نیشتەجێ دەکەم." بەم شێوەیە تۆڵە لە کورد دەکاتەوە. لەبەرئەوەی کورد گورزێکی گەورەی لە داعشدا. تورکیا داعشی بەکارهێنا و لە ئیستادا لە سەرێکانی و گرێسپی لەدژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت.

"تورکیا کەوتوەتە بیرێکی قوڵەوە و ئەگەری هەیە گورزێکی گەورەی بەرکەوێت"
جەمیل بایك سەبارەت بە ئامانجی توركیا وتویەتی، ئامانجی توركیا ئەوەیە یەکەم دەیەوێت کورد قڕبکات، دوەم دەیەوێت دیموکراسی لەناوبەرێت. ئەو سیاسەتەی لە ئێستادا لە سەرەوە بەڕێوەی دەبات، درێژەی سیاسەتەکەیەتی لە ناوخۆ کە لەدژی هێزە دیموکراتەکان بەڕێوەیدەبات. بەو هۆیەوە دەیەوێت لە سوریا کورد قڕبکات و سیستمی دیموکراسی لەناوببات. دەیەوێت سوریایەکی وەک خۆی دروست بکات. ئەویش لە ڕێگەی چەتەکانیەوە.دەڵێت، هێزێکی نیشتمانیم بۆ سوریا دروست کرد، واتە سوپایەکی لەدژی سوریا دروست کردوە.

وتوشیەتی"لە سوریا زو بەزو ئاشتی و ئارامی دروست نابێت. لەبەرئەوەی تورکیا بە عەقڵیەتی داعش دەستوەردانی لە سوریا کرد. ئاکەپە، هەمان داعشە. ئەو هیزانەی کە ناوی "هێزی نیشتمانی" لێنراوە، چەتەن، چەتەی داعش، ئەلنوسرەن. چەتەی تالانکەرن، دەکوژن و وێرانكاری دەکەن."

بە بڕوای بایك، هەرچەندێک لەنێوان ڕوسیا، تورکیا و ئێران دا رێککەوتن هەبێت و ڕوسیاو تورکیا پەیمان ببەستن، بەڵام تورکیا دەست لە داگیرکەری بەرنادات، رەوایەتی پێدا. بەڵام تا کۆتایی بەردەوام نابێت. دیارە، سوریا، ئێران و ڕوسیا تا کۆتایی ئەم دۆخە پەسەند ناکەن. دیارە ئەمە دەبێتە کێشە لەنێوانیاندا. لەوانەیە تا ئاستی شەڕ بڕوات. ئەم ئەگەرەش هەیە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، تورکیا دەڵێت، من سەرکەوتم. بانگەشە دەکات. ئەمە تا چەند ڕاستە نادیارە. تورکیا کەوتوەتە بیرێکی قوڵ. ئەمریکا و روسیا بۆ ئامانجەکانی بەکاریدەهێنن. تورکیا هەروەها دوژمنایەتی کورد دەکات. چەتە و داعشەکان بەکاردەهێنێت. تاوان لەسەر تاوان دەکات. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا تاوانە و هیچ کەسێک قبوڵیناکات. کەس پشتگیری لە تورکیا ناکات. ئەو دەوڵەتانەی کە رێگەشیان بە تورکیادا، ناتوانن بۆ گەلەکانیان شیبکەنەوە.

لەكۆتاییدا وتویەتی"تورکیا هەم دوژمنایەتی کورد دەکات، هەم لەنێوان ڕوسیا و ئەمریکا گیریخوارد، چۆن خۆی ڕزگار دەکات، نادیارە. ئەگەری هەیە گورزی گەورەی بەرکەوێت. ئەم ئەگەرە زۆرە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×