هەرێم؛ ساڵی رابردو 655 کەس و ئەمساڵ 427 کەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە
  2019-11-17       1482       

بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، تەنها لە ساڵی رابردودا بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە 655 كەس گیانیان لەدەستداوەو چوار هەزارو 844 كەسیش برینداربون.

ئاوێنە: عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 17/11 لەرۆژی جیهانی بیرهێنانەوەی قوربانیانی روداوەكانی هاتوچۆدا، بە ئاژانسی ئەنادۆڵۆ-ی توركی راگەیاند لەماوەی یەک ساڵ و نۆ مانگی رابردودا، 10 هەزار و 928 کەس بونەتە قوربانی روداوەکانی هاتوچۆ و شوفێریش بە هۆکاری پلە یەک دەزانێت لە روداوەکانی هاتوچۆدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو،"بەداخەوە روداوەکانی هاتوچۆ زۆرە بەڵام ئەگەر بەرواورد بکەین بە ساڵی پار، دەبینین ساڵی پار 655 حاڵەتی مردن هەبوە، چوار هەزارو 844 حاڵەتی برینداریش هەبوە، بەڵام ئەمساڵ تا 30/9 حاڵەتەکانی مردن بریتیی بوە لە 427 و حاڵەتەکانی برینداربونیش بریتی بوە لە پێنج هەزار و دو کەس".

لیوا عەبدولقادر عەزیز وتیشی"تا ئیستا رێژەکە کەمترە لە ساڵی پار، جگە لەوەی ئاماری سێ مانگی داهاتوش ماوە، بەڵام هیوادارم کە ئەمساڵ رێژەکە کەمتر بێت لە ساڵی پار".

سەبارەت بە هۆکاری روداوەکانی هاتوچۆش، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لیوا عەبدولقادر وتی"هۆکارەکان بە پلە یەک شوفێرەکانن و رێگاوبانەکانیش ستاندارد نین و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە نامانتوانی رێگاکان نۆژەن بکەینەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×