نوێنەری شاری بۆكان لە پەرلەمانی ئێران دەستی لەكاركێشایەوە
  2019-11-17       850       

لەسایەی ناڕەزایەتییەكان دژبە زیادكردنی نرخی بەنزین، ئەمڕۆ یەكشەممە محەمەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری شاری بۆكان-ی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پەرلەمانی ئێران دەستی لەكاركێشایەوە.

ئاوێنە: ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆكایەتی هەر سێ دەسەڵاتەكەی ئێران بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزینی پەسەندكردو ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش پشتیوانی لە بڕیارەكەیان كرد.

بەپێی میدیاكانی ئێران، محەمەد قەسیم عوسمانی، لە دانیشتنی ئاشكرای ئێوارەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا رایگەیاند"كاتێك عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، خۆی بەشەخسی و بەبێ راوێژكردن بە پەرلەمان دەربارەی زیادكردنی نرخی بەنزین بڕیاردەدات، وەك ئەوەی بۆچونی ئێمەی نوێنەران گرنگ نەبێت، بەم پێیە بێت بونی ئێمە لە پەرلەمان هیچ واتایەكی نییەو ئیدی ئێمە بۆچی لێرە بین."

عوسمانی وتوشیەتی"لەبەرئەوەی كە هیچ رۆڵێكم لەو بڕیارەدا نەبوە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەم."

ئەو نوێنەرەی شاری بۆكان لەپەرلەمانی ئێران دوای قسەكانی دەقی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد.

لەلایەكی دیكەوە هەندێك لەمیدیا ئێرانییەكان باسیان لەوە كردوە كە جگە لە عوسمانی، ژمارەیەكی دیكەی پەرلەمانتارانی ئێران دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ئامادەكردوە.

سەید جاسم قاسمی نوێنەری كرماشان، محەمەد جەواد ئەبتەحی نوێنەری خومەینی شەهر، محەمەد جەواد فەتحی نوێنەری تاران، لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەدان كە دەوترێت دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ئامادەكردوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش مەحمود سادقی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبو كە بڕیاری داوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات.

لە شەوی هەینییەوە دژ بە بڕیاری زیادكردنی نرخی بەنزین ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران و هەروەها لە دوێنێشەوە لە شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەریهەڵداوەو لە میانی ناڕەزایەتییەكاندا بە دەیان كەس كوژراون و بە سەدان كەسیش بریندار بون.

هاوكات دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاندوە كە لەماوەی دو رۆژی رابردودا، زیاتر لە یەك هەزار خۆپیشاندەریان دەستگیركردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×