هەسەدە: هیچ رێككەوتن سەبارەت بە "تەلتەمر" لەگەڵ روسیاو توركیا نەكراوە
  2019-11-17       850       

كینۆ گابریێل، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە رێككەوتنی هێزەكانیان لەگەڵ روسیاو توركیا دەكەن لەسەر ناحەی تەلتەمرو رێگەی نێودەوڵەتی(M4). دەشڵێت، سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی بەردەوامن لە هێرشەكانی بۆ سەر پێدەشتەكانی تەلتەمر.

ئاوێنە: كینۆ گابریێل، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دوێنێ شەممە هەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە رێككەوتنێك لەنێوان روسیاو توركیاو هەسەدە سەبارەت بە تەلتەمر و رێگەی نێودەوڵەتی(M4) كراوە بۆ راگرتنی شەڕ لەو بەرەیەو رادەستكردنی رێگەی نێودەوڵەتی بە پۆلیسی سەربازیی روسیاو هێزەكانی حكومەتی سوریا.

وتوشیەتی"ئێمە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات راستی ئەو هەواڵانە بە درۆ دەخەینەوە."

وتەبێژی هەسەدە جەختی كردۆتەوە كە سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی هێشتا هێرشی سەخت دەكەنە سەر گوندەكانی شارۆچكەی تەلتەمرو هیچ كات پابەند نەبون بە رێككەوتنی ئاگربەست و تا ئەم ساتەش هێرشەكانیان بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×