شاسوار عەبدولواحید: زۆری نەماوە دۆخەكە لە هەرێمی كوردستانیش بتەقێتەوە
  2019-11-18       2092       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە لەسایەی "بەردەوامی پاشەکەوتی موچە، نەبونی خزمەتگوزاری، بێباکیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە خەڵک و هاوڵاتییان"، زۆری نەماوە لە هەرێمی كوردستانیش دۆخەكە بتەقێتەوە.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، ئەمڕۆ دوشەممە لەپەیامێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند"هەمو رژێمە دیکتاتۆرەکان پێیانوایە بۆ هەتا هەتایە حوکم دەکەن، تا ئەو بەرەبەیانییەی لە خەو هەڵدەستن و دەبینن خەڵک راپەڕیوە، یان شۆرش دەستیپێکردوە. ئەوسا دەزانن کۆتاییان هاتوە."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ئەو قسەیەی نمونەی چەند وڵاتێكی هێناوەتەوەو وتویەتی"لە لوبنان لەسەر دانانی (0.0006) سەنت باج لەسەر نامەی وەتسەپ شۆڕش دەستیپێکرد (کە ئەم باجە بڕێکی زۆر زۆر کەمە). لە ئێران لەسەر گرانبونی سوتەمەنیی دەستیپێکرد. پێشتریش لە تونس، بە هۆی خاوەن عەرەبانەیەکەوە دەستیپێکرد کە خۆی سوتاندو شۆڕشێک و ئاگرێکی کردەوە، چەندین وڵاتی تریشی گرتەوە."

شاسوار عەبدولواحید سەبارەت بە دۆخی هەرێم، نوسیویەتی"لە هەرێمی کوردستانیش، پاشەکەوتی موچە بەردەوامە، نەبونی خزمەتگوزاری بەردەوامە، بێباکیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە خەڵک و هاوڵاتییان بەردەوامە. هەمو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ئەمساڵ (واتە ساڵی ٢٠١٩) بەردەوام پارەی بەغداد هاتوەو نەوتی خۆمان فرۆشتوەو داهاتی ناوخۆشمان بوە بە سێ هێندە. واتە داهاتی یەک مانگی هەرێم سەرو ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بوە، لە کاتێکدا تەنها (٧٠٠ ملیۆن دۆلار)مان پێویست بو بۆ موچە."

وتوشیەتی"واتە هەمو مانگێک داهاتی هەرێمی کوردستان دو هێندەی موچەیە، کەچی وا سێ مانگی موچەی خەڵک پاشەکەوت دەکرێت."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرسیویەتی"تا کەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟ تا کەی ئەمە قبوڵ دەکرێت؟" هەر خۆی وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی"دڵنیا بن زۆری نەماوە بۆ تەقینەوەو خەڵک بێدەنگ نابێت، تەنها ئیرادەی دەستەجەمعیی دەوێت و پێویستە ئامادە بین بۆ پشتیوانیی یەکتر. هەمومان ئەوە دەیبینین کە چۆن داهاتو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە. چاوەڕوان بن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×