دو پەرلەمانتار: حكومەتی هەرێم بەپێی كیسەڵ بەرەو چاكسازی هەنگاو دەنێت
  2019-11-18       1324       

دو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاند، حكومەتی هەرێم بەپێی كیسەڵ بەرەو چاكسازی هەنگاو دەنێت و تا ئێستاش رون نییە چۆن چاكسازی دەكات. دەشڵێت، هەر هەوڵێك بۆ پاشەكەوتكردنی نایاسایی ئەم سێ‌ مانگەی موچە تاوانە و نابێت ئەزمونی شكستخواردوی كابینەی پێشو دوبارە بكرێتەوە.

ئاوێنە: هەردو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، مەم بورهان قانیع و دیاری ئەنوەر، ئەمڕۆ دوشەممە لەڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا سەبارەت بە چاكسازی و سێ‌ موچەی ئەمساڵی فەرمانبەران، رایانگەیاند"هێنانەدیی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان دا، شەڕێكە و دەبێت بكرێت. حكومەت بە پێی كیسەڵ بەرەو چاكسازیی دەچێت و هێشتا رونیش نییە چۆن چاكسازیی دەكات."

وتوشیانە"لەكاتێكدا دەبێت چاكسازیی، لە پرسی شەفافییەتی نەوتەوە دەستپێبكات و سەرجەمی داهاتەكانی دیكەیش بگرێتەوە، سەرەڕای پێداچونەوە بەكۆی ئەو دۆسێیانەی گەندەڵیی دا، كە پێشتر وەزیر و بەرپرسانی باڵای كابینەكانی رابردو تێوەگلاون."

سەبارەت بە سێ‌ مانگی موچەی ئەمساڵی موچەخۆرانیش ئەو دو پەرلەمانتارە وتویانە"هەر هەوڵێك بۆ پاشەكەوتكردنی نایاسایی ئەم سێ‌ مانگەی موچە، تاوانە و دەبێت بكرێتە هێڵی سورو پەرلەمان فشار دروست بكات بۆ ئەوەی ئەم كابینەیەی حكومەت، هاوشێوەی كابینەكەی پێشو، یاری بە ژیان و گوزەرانی توێژی موچەخۆران نەكات."

جەختیشیان كردۆتەوە"پاشەكەوتكردنی موچە، پێشێلكردنی یاسایە و ئەزمونێكی شكستخواردوی كابینەی پێشوەو نابێت ئەم كابینەیە، هەمان شكست و پێشێلكاریی دوبارەبكاتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×