مەحمود محەمەد: ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 2019/2/18 لەھەولێر کۆده‌بێتەوە
  2019-02-05       3357       
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بریاردراوه‌ رۆژی‌ 18ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەھەولێر کۆببێتەوە.

ئاوێنه‌: دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، وتەبێژی پارتی ئەنجامی کۆبونەوەكه‌ی لەراگەیندراوێکدا رونكرده‌وه‌.

له‌به‌شێكی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبونەوەکە بو، بڕیار درا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایەو ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن. ھەردولا کۆک بوین لەسەر ئەوەی کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەرێکەوتی 18ی2ی2019 لەھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان‌و پارتی‌و یەکێتی‌و ھەمو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە."


مەحمود محەمەد ده‌ڵێت، "بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە 18ی2ی2019 بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت".


دەقی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لەدرێژەی کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا، ئەمڕۆ سێ شەممە، رێکەوتی 5ی2ی2019 لە ھەولێری پایتەخت، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەنجامدرا.

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتێکی پێویست و پەیوەستی قۆناغەکە و، ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتینە رێککەوتن. لەوانە:

یەکەم/ کۆبوونەوە لیژنەی ھاوبەشی نوسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، کە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت. 

دووەم/ دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی9ی2018 و پەسەندکردنی ئاکامەکانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە 18ی2ی2019 بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوکاری و زەمینەسازیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و ھەنگاوەکانی دواتری پەرلەمان بکرێت.

سێیەم/ پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، بڕیار درا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن. ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی 18ی2ی2019 لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×