حزبەکانی رۆژهەڵات بۆ خۆپیشاندەران: ناڕەزایەتیەکانتان درێژە پێبدەن
  2019-11-19       962       
حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە ھەموو کوردانی ھەندەران دەکەن کە بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی پشتیوانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکەن. بە تایبەتی ڕوو دەکەینە تێکۆشەران و خەڵکانی رۆژھەڵاتی لە تاراوگە کە بەو پەڕی توانیان وەگەڕ بکەون.

ئاوێنه‌: بەشێک حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەنداوێکیان بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی دەست “ئاوێنه‌” کەوتووە رایگەیاند:” ئەوڕۆ ٢٧ی مانگی خەزەڵوەر لە بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بەرپرسانی یەکەمی ھێزەکانی ناوەند سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنەدا بۆ جارێکی دیکە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و ئیعتیرازی ڕەوای خەڵک و یەکدەنگ بوونیان کرایەوە، سیاسەتی سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم کرا و بە تایبەتی سەرکوت و کوشتاری بەرین لە کوردستان ئاماژەی پێدرا. ناوەندی ھاوکاریی ھاتنە مەیدان و خۆڕاگری و بوێری خەڵکی بەرز نرخاند و جەختی کردەوە کە خۆپیشاندانی مەدەنی مافی جەماوەرە و ڕاکێشانی بەرەو توندوتیژی ڕێک لە ئەستۆی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامییە. ھەموو لایەک لە ئێستادا لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە ھاودەنگ بوون

١. ناوەند ڕوو دەکاتە ھەموو ڕێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و داوا ڕەواکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، بە تایبەتی کۆتایی ھێنان بە سیاسەتی کوشتار و میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان. ھەروەھا تەئکید کراوە کە ناوەند لەو ھەلومەرجەدا ھاوکاری و ھاوئاھەنگی زیاتر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بزوتنەوە ئیعتیرازییەکانی ئێران بە پێویست دەزانێ و چاوەڕوانی پشتیوانی و ھاوئاھەنگییە لەگەڵیان.

٢. داوا لە ھەموو کوردانی ھەندەران دەکەین کە بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی پشتیوانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکەن. بە تایبەتی ڕوو دەکەینە تێکۆشەران و خەڵکانی رۆژھەڵاتی لە تاراوگە کە بەو پەڕی توانیان وەگەڕ بکەون. داوا لە ھێز و چالاکوانانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەین کە لەو ھەلومەرجەدا پشتیوانی دۆزی ڕەوا و خەباتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بن. ھەروەھا داوا لە ڕێکخراو و ئەندامانی چوار حیزبەکەی ناوەند دەکەین کە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکتر و باقی لایەنە سیاسیەکانی دیکە ڕۆژی شەممە ٢٣ی مانگی نوامبر ڕێپێوان و ئیعتیرازی سەراسەری لە دەرەوەی وڵات ساز بدەن.

٣. داوا لە چالاکوانانی ناوەوەی کوردستان دەکەین کە چۆن بۆیان بگونجێ بە وشیاری ناڕەزایەتیەکانیان درێژە پێبدەن و تێبکۆشن کە پیلانەکانی ڕژیم پووچەڵ بکەنەوە. ئێمەش هەوڵ دەدەین کە بە ھاوفیکری لەگەڵ چالاکوانانی ناوەوە لە شێوازی دیکەی ئیعتیرازی گشتییش لە داھاتوودا کەڵک وەربگرین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×