په‌رله‌مانتارێك: پارتی‌و یەکێتی لەگەڵ هێزە شیعی‌و سوننیەکان ڕێككه‌وتون‌
  2019-11-19       1424       

ئه‌ندامێكی‌ كوردی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ پارتی‌و یەکێتی لەگەڵ هێزە شیعی‌و سوننیەکان ڕێككه‌وتون‌‌و هیچ پرس‌و رایەکیان بەلایەنە سیاسیەکانی هەرێم نەکردوە.

ئاوێنه‌: هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، "با رایگشتی کوردستان بزانێت، نوێنەرانی پارتی‌و یەکێتی دوێنێ لەبەغداد بەشداری کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ هێزە شیعی‌و سوننیەکان کردوە، ئیتیفاقێکیان واژکردوە".

راشیگه‌یاندووه‌، "هیچ پرس‌و رایەکیان بەلایەنە سیاسیەکانی هەرێم نەکردوە، ئیدی شتێک نیە ناوی یەکڕیزیی بێت‌و ئەوان بەرپرسی هەر دەرەنجامێکی ئەو کۆبونەوەیەن."

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئەحمەدی حاجی رەشید، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ لەپۆستێكدا دەڵێت، "ئەوەی خوارەوە واژووی ئەو هێزانەیە کە لەکۆبونەوەی دوێنێ شەو لەبارەگای رەوتی حیکمە کۆبونەوەیان کردوە بۆ تاوتوێکردنی گرفتەکانی عێراق بەگشتی‌و خۆپیشاندانەکان بەتایبەتی‌و لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەش رێکەوتنی سەرەتاییان".

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویه‌تی‌، "بۆیە داواکارم لەهێزەکانی کۆمەڵ‌و گۆڕان‌و یەکگرتوو نەوەی نوێ‌و فراکسیۆنی ئایندەو  سەربەخۆکان، چیتر خۆتان سەرقاڵ مەکەن بەیەکڕیزیی‌و یەکپارچەیی ماڵی کوردو یەک وتاری‌و بەستنی کۆبونەوەو دیدارو شتی لەو جۆرە یان ئەوەیە لەگەڵ ئەو دوو هێزە رێکبکەون کە نوێنەرایەتی ئێوەش بکەن کە خۆتان ناتوانن نوێنەرایەتی بکەن یان خۆتان هاوپەیمانیەک دروست بکەن لەو هێزانەکە ناوم هینان".

جگه‌ له‌هاوپەیمانی سائیرون، ئێوارەی دوێنێ‌ دوشەممە لەبەغدا سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رەوتی حیكمە، وەتەنییە، بەرەی رزگاركردن‌و گەشەپێدان، عەقد وەتەنی، بەرەی توركمانی كۆبونەوەو دوای كۆبونەوەكەش راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە لەئێستادا كاری لەپێشنە ئەوە بێت، لەوە زیاتر خوێن نەرژێت، ژیان‌و مافی هاوڵاتییان بپارێزرێت‌و رێگەنەدرێت بەهیچ شێوەیەك شەڕی ناوخۆ لەوڵاتدا هەڵبگیرسێت كە لەبەرژەوەندی هیچ كەس و لایەنێكدا نییە.

سەركردەكانی ئەو لایەنە سیاسییانە لەكۆبونەوەكەدا هاوڕابون لەسەر پاراستنی ژێرخانی دەوڵەت‌و سیستەمی سیاسی و دیموكرات، چەسپاندنی بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بەرێگەی میكانیزمەكانی دەستوور.

لەراگەیەندراوەكەدا جەحتكراوەتەوە لەسەر ئەوەی پێوستە سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییەكان هەوڵەكانیان زیاتر بۆ پتەوتركردنی ئاسایش بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی وڵات رووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی نەبێتەوە، هەروەها داواشكراوە ئەو كەسانەی كە خۆپیشاندانەكانیان بە ئاراستەیەكی دیكە بردووە و دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە گرنگە لایەنە پەیوەندارەكان ئەو كەس و لایەنانە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن كە تێوەگلاون لە رفاندن و كوشتنی خۆپیشاندەران و هەروەها بەئامانجكردنی دەزگاكانی راگەیاندن.

هەروەها لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە كە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەت بەردەوامبن لە سازكردنی كۆبوونەوەكانیان بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ، یاسا و بڕیاری گونجاو دەربكەن بە ئامانجی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.

سەركردەكانی ئەو لایەنە سیاسیانە رایانگەیاندووە، فراكسیۆنەكانیان لە ئەنجوومەنی نوینەران پابەند دەبن بە دەركردنی یاسای نوێ بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران لەنێویاندا یاسای هەڵبژاردنەكان، یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و یاسای نەوت و غاز.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە کراوە كە دەبێت حكوومەت لە ماوەی ٤٥ رۆژدا بەڵێنەكانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی جێبەجێ بكات لەوانە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حكوومەت كە دوور بێت لە پشكپكشێنە، رەخساندنی دەرفەتی كار و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان بەڵێنیانداوە چاكسازی لە دامەزراوە حكوومییەكان بكرێت، هەروەها یاسای دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی و دەستەبەركردنی تەندروستی دەربكرێت و لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیشدا زیاتر دەرفەت بە هاووڵاتییانی عێراق بدرێت لە بری كرێكارانی بیانی و جەختیش لەوەكراوەتەوە كە دەبێت سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەت دابن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×