ڕەگەزی دووەم.. سیمۆن دو بۆڤوار
  2019-11-19       3449       
لەگەڵ کوڕم کێو دەبڕم
لەگەڵ کچم بۆ کوێ بچم
ڕاست دەکات، لەگەڵ زەعیفەیەک بۆ کوێ بچێت، بۆیە ئیتر ئەوە ئاسایییە، کە لەکۆتاییی گفتوگۆیەکدا ژنان بەیەکتری بڵێن، "کوڕت نەمرێت"

وه‌رگێڕانی‌: نوری کەریم

لەمێژە دەمەوێت لەبەرامبەر ئەم کەلتوورە دواکەوتووە ئاینییەدا، ئەم کتێبەی (سیمۆن دو بۆڤوار) (9.1.1908 – 14.4.1986) وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی. ئەم کتێبە بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە (Le Deuxième Sexe) و لەساڵی 1947دا بڵاو کراوەتەوە. 

لەتێڕوانینی فیمینستییەوە لێکۆڵینەوەیەکە لەمێژوی چەوساندنەوەی ئافرەت‌و ئەو هەلومەرجە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و دەروونییەی کە ئافرەتی بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووە، کە لە بنیاتی کۆمەڵگادا جێگەیەکی نابەرابەری هەبێت. (سیمۆن دو بۆڤوار) ئەم کتێبەی لەماوەی چواردە مانگدا نووسیوە، کاتێک کە تەمەنی سی‌و هەشت ساڵ بووە. کاریگەریی ئەم کتێبە لەسەر بزوتنەوەی ژنان لەئاستی جیهانی زۆر بەرچاوەو هەر لەیەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەیەوە کەوتە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی ڤاتیکان، تا لەساڵی 1966دا ئەم قەدەغەکردنەی لەسەر هەڵگیرا. سەرەڕای ڕێگری زۆر، هەر زوو بۆ زمانەکانی تر وەرگێڕدرا. 

بۆ نموونە، لە ساڵانی هەزار و نۆسەد و شەستەکاندا، بەلابردنی چەند بەشێک لێی بۆ زمانی سویدی وەرگێڕدراو نزیکەی پەنجا ساڵی برد تا هەمووی وەک خۆی بۆ ئەو زمانە وەرگێڕدرێت. ئەم کتێبەش وەکو وەرگێڕاوەکانی ترم لەزمانی ئینگلییەوە (The Second Sex) وەریدەگێڕم‌و بۆ دوورکەوتنەوە لەبەهەڵە تێگەیشتن‌و پەڕاندن، ڕستە بەڕستە بەراوردی دەکەم بەوەرگێڕانە سویدییەکەی (Det andra könet).
   
وەک هەر کتێبێکی فەلسەفی و زانستی، وەرگێڕانی ئەم کتێبە کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتی کە بابەتەکەی پەیوەندە بە پرسی ژنەوە. ئەم کتێبە لەلایەن ژنێکەوە نووسراوە و ڕووی دەمی لە کۆمەڵگایە و بەتایبەتی لەژنان.

 بۆیە من پێموایە، بۆ ئەم کتێبە ژن بوونی وەرگێڕی کوردی، جێگەی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی ئێمە لە هەلومەرجێکدا پەروەدە بووین و هێشتا تێیدا دەژین، کە نابەرابەری نێوان ئافرەت و پیاو لەوپەڕیدایە و تەنانەت دەکرێت باس لە دوو جیهانی جیاوازی نائاشنا بە یەکتری بکرێت. 

ئەم هەلومەرجە کەم تا زۆر، بە هەر بارێکدا بێت کاریگەری هەیە بەسەر هەر تاکێکمانەوە. ئەم کاریگەرییە ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە لە سەر ئەو وشە و زاراوانە کە لەپەیوەند بەم پرسەدا دێنە ئاراوە. ئەمە ئەوە دەخوازێت لە وەرگێڕ، کە لێکۆڵینەوە بکات لە تەواوی ئەم وشە و زاراوانە و ئەوانەی کە نین دایانبهێنێت. مرۆڤ وەکو چەشنێک species لە بوونەوەران، دەبێت ئەم وشە و زاراوانە لەگەڵ زیندەزانیدا بێنەوە.

   ئەم کتێبە لەلایەن هەڵسوڕاوانی کوردی زمانی بزووتنەوەی ژنانەوە بە (ڕەگەزی دووەم) ناسراوە، کە ئەگەری هەیە هەر لە ناونیشانە فەڕەنسییەکەیەوە وەرگیرا بێت. "ڕەگەز" لە بەرامبەر "sex سێکس"دا واتا کراوە. بەڵام "ڕەگەز" لە زمانی ئینگلیدا بەواتای "race" دێت نەک "sex". من وشەی "سێکس"، کاتێک کە ئاماژە بێت بە مێ بوون یان نێر بوونی گیاندارێک، بە "زایەند" واتا دەکەم. لە زمانی کوردیدا وشەی "ڕەگەز" لە چەند پەیوەندی تردا بەکار دەهێنرێت، بۆ نموونە ڕەگەزپەرستی کە ئاماژەیە بە دژایەتی ڕەشپێستان، یان خەڵکی بێگانە لە هەر وڵاتێکدا یان خەڵکانی وڵاتانی داگیرکراو، کە مەبەست لێی ڕەواییدانە بە بێمافی خەڵکانی ڕەشپێست، بێگانە و وڵاتانی داگیرکراو و بە فەرمیکردنی پلە دوویی. 

بەڵام ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بە زاراوەی زیندەزانی، "ڕەگەز" ئاماژەیە بە تایبەتمەندیگەلێکی character دیاریکراو، جیاوازی لەم تایبەتمەندییانەدا لە ئاستی چەشنێکدا، ڕەگەزگەلێک دێنە ئاراوە، کە پۆلێنکردنی زانستی بوونەوەران لە هەر ئاستێکدا بۆ چەشنێک بەپێی ئەم جیاوازییانە لە تایبەتمەندیدا دیاری دەکرێن. دەکرێت لەم پەیوەندەدا نموونەی چەشنی سەگ بهێنینەوە، کە ڕەگەزە جیاوازەکانی خۆیان دەبیننەوە، بۆ نموونە، لە سەگی ڕاو، سەگی پاسەوانی، سەگی پشکنین ... کە هەر ڕەگەزێکیان تایبەتمەندیگەلێکی جیاوازی هەیە لەوانی تر، هیچیان ناتوانن جێگەی ئەوانی تر بگرنەوە و هەر لەم پەیوەندەدا، لە خزمەتی مرۆڤدا دەبن بۆ ئەرکی جیاواز. ئینجا لە ئاستی ئەندامانی هەر ڕەگەزێکدا، پرسی "زایەند" دێتە ئاراوە کە ئایا نێرە یا مێیە، ئەمەش لە گۆشەنیگای زیندەزانییەوە تەواو پەیوەندە بە نەوەخستنەوە و ئیدامەی ژیانی ئەو ڕەگەزە. 

بۆیە "ڕەگەز" و "زایەند" دوو زاراوەی تەواو جیاوازن لە یەکتری، بەهیچ جۆرێک جێگەی یەکتری ناگرنەوە. چەشنی مرۆڤ تەنیا یەک ڕەگەزی هەیە و لەناو ئەندامانی ئەم تاکە ڕەگەزەدا زایەندی نێر و مێ دێنە ئاراوە. کە ئەمە دەگەڕێتەوە بە دابەشبوونێکی سرووشتی یان کاردابەشکردنێکی سرووشتی بۆ نێر و مێ لەپێناوی خستنەوەی نەوەدا، گرنگترین ئەرک و درێژەدان بە زیندومانەوەی ئەو ڕەگەزە. ئەم دابەشبوونە زایەندییە، بەواتای دەستباڵایی زایەندێک بە سەر ئەوی تریاندا نایەت. ئەوە ڕاستە کە لە زیندەزانیدا، لەپاڵ هەڵبژارندنی سرووشتیدا، هەڵبژاردنی زایەندی sexual selectionیش هەیە، کە بەهیچ جۆرێک پەیوەندی نییە بە ژێردەستەیی ئەمیان بۆ ئەویان.

   ئەی ئەگەر وایە، ئەم "دووەم"ــە بۆچی لە هەندێک لە ناونیشانی زمانی جیاوازی وەرگێڕانەکاندا هاتووە؟ لەم پەیوەندەدا گەڕامەوە بۆ ناونیشانە ژێدەرییە فەڕەنسییەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیم کرد بە ڕۆماننووس و وەرگێڕ بەرێز (بەیان سەلمان). ئاگادارم کردەوە، کە من خەریکی وەرگێڕانی کتێبێکی وەهام و لەپەیوەند بە ناونیشانەکەیدا، کێشەم بۆ هاتۆتە پێش. پرسیارەکەم لێی ئەوە بوو، کە مادەم وشەی "زایەند" بەکار هاتووە، ئیتر لەڕووی زیندەزانییە "یەکەم" و "دووەم"ی نییە، و هەروەها ئەگەر ئامانجی هەموو ئەم کتێبە هەشتسەد نۆسەد لاپەڕەیەی (سیمۆن دو بۆڤوار) لە دێڕێکدا کورت بکەینەوە، ئەوەیە کە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم "یەکەم" و "دووەم"ــەیە. 

بەڵام ئەگەر بهاتایە زاراوەی "جەندەر gender" لە جیاتی زایەند بنووسرایە، ئەوسا دەکرا ئەم "یەکەم" و دووەم"ـە جێگەیەکیان هەبووایە، کە سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوونی زاڵی ناو کۆمەڵگای مرۆڤییەوە بۆ زایەندە جیاوازەکان بە مەبەستی ئافراندکردنی هەڵاواردنی نێوانیان. بەڕێزی پێشەکی زۆر زۆر سوپاسی کردم، کە کتێبێکی وەهام هەڵبژاردووە بۆ وەرگێڕان و ئینجا کەوتە ڕوونکردنەوەی ئەم ناونیشانە لە زمانی فەڕەنسیدا، کە وشەی "دووەم"ی تێیدا هاتووە، ئەوەش لەو پەیوەندەدا، کە لە فۆرمی ناسنامەی فەڕەنسیدا لە بەرامبەر وشەی زایەنددا، لە جیاتی نێر یان مێ، یەکەم یان دووەم بەکار دەهێنرێت، بۆیە ئاسایییە، ئەم کتێبە کە بە زمانی فەڕنسی نووسراوە، وشەی "دووەم" بنووسرێت بۆ زایەندی مێ. هەروەها لێکدانەوەیەکی تر هەیە بۆ ئەم "دووەم"ــە، کە (سیمۆن دو بۆڤوار) ئەمەی وەک پلارهاویشتن و تووڕەبوون بەکاری هێناوە. لە کۆتایی ئەم قسەوباسەدا بوو لەگەڵ بەڕێزی، کە پێموت، پڕ بەدڵ حەزم دەکرد، ئەم کتێبە ژنێک وەریبگێڕایە نەک من. 

بە مەبەستی ئەوەی هانی بدەم، ئەو وەریبگێڕێت و من هاوکاری بکەم، کەچی بێسێ و دوو وتی، ئینجا ئەوە زۆر ئاسانە، تۆ وەریبگێڕە و من پیداچوونەوەی بۆ دەکەم لەگەڵ نووسراوە فەڕەنسییەکەیدا. ئەرک و بەرپرسیارییەتێکی چەند ساڵەی درێژخایەن، کە ئەگەر قورستر نەبێت لە وەرگێڕانەکەی ئەوا سووکتر نییە. بۆخۆم باوەڕم بە گوێچکەی خۆم نەدەکرد، بەڵام لە درێژەی ئەم قسەوباسەدا ئەوەم بۆ ڕوون بۆوە، کە بەڕێزی ئەم کتێبە بە کتێبی خۆی دەزانێت و ئەوە منم، کە ئەو ئەرکە لەسەر شانی سووک دەکەم. هەروەها لێرەدا پێمخۆشە ئاماژە بەوەش بکەم، کە بەڕێز (نەگین جافر)، پزیشکی نەخۆشی ژنانە لە دانیمارک و هەڵسوڕاوی بووارەکانی مافی ژنان، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو ئەو زاراوانەی ئەم کتێبە کە لایەنێکی پزیشکییان هەیە.

دەشێت "زایەندەکەی دووەم" وەک ناونیشان بۆ وەرگێڕدراوی هەندێک لە زمانەکانی تر، لە وەرگێڕانی وشەیی نووسراوە فەڕەنسییەکەیەوە هاتبێت، کە تا ئاستێک ناکرێت هەڵە بێت، بەڵام ئیتر ئەوە ڕۆشنە کە ئەم وشەی "دووەم"ــە لەبەرچاو نەگیراوە لە چ پەیوەندێکدا هاتووە. لە وەرگێڕانی جەرمەنی (Das andere Geschlecht)، عەرەبیکی (الجنس اڵاخر) و ... بە ناونیشانی "زایەندەکەی تر" هاتووە. بەڵام ناونیشانی "ڕەگەزی دووەم"، تەواو دێتەوە لەگەڵ فەرهەنگی باوکسالاری و پڕ بە پێستێتی. بەڕێز (بەیان سەلمان) جەختی لەسەر ئەوە کرد، کە ناونیشانەکە بەپێی ناونیشانە فەڕەنسییەکەی بێت. بۆیە ناونیشانی وەرگێڕدراوی کوردی ئەم کتیبە دەبێت بە، "زایەندەکەی دووەم"

لەپەیوەند بەو وشەو زاراوانەی کە لە وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا دێنە ئاراوە، ئەوە زۆر ڕۆشنە، کە بەشێکی زۆری ئەم وشە و زاراوە کوردییانە، بەدەر نین لەو فەرهەنگە زاڵەی باوکسالاری و ئاینی، کە کاریگەری داناوە لەسەر تەواوی کۆمەڵگاکە. نەک هەر ڕێگرن لە گەیاندنی بیروبۆچوونەکانی ئەم کتێبە، بەڵکو تەنانەت ئەگەری بەهەڵەبردنی زۆریشیان هەیە لە باس و گفتوگۆی فەلسەفی و سیاسی بزووتنەوەی ژناندا. بۆیە وەرگێڕانی ئەم کتێبە، ئەوە دەخوازێت لە وەرگێڕ کە لێکدانەوەی تەواوی ئەم وشە و زاراوانە بکات و ئەگەری داڕشتنەوە و داهێنانی ئەوانەی کە نین لەبەرچاو بگرێت، کە تەنانەت بکرێت ببن بە هەمبانەوشەی ڕەوەندە سیاسی و ئیدۆلۆژە جیاوازەکانی ناو بزووتنەوەی ژنان. 

دەکرێت ئەم وشە و زاراوانە بکرێن بە چەند دەستەیەکەوە. دەستەیەکیان لەگەڵ خۆیان واتایەکی ئیدۆلۆژی سیاسی، مێژوویی و کەلتووری دەگەیەنن، ناکرێن وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، مەگەر ئەوەی وەرگێڕ چەند لاپەڕەیەک ڕەشکاتەوە بۆ گەیاندنی واتای هەر یەکێکیان، کە ئەمە کارێکی پڕزەحمەتە و ئەگەریشی زۆرە واتاکەی بەتەواوەتی نەپێکێت. بۆیە وەها باشترە ئەم وشە و زاراوانە بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێنەوە، هەر وەک زاراوەی فێمینزم، جەندەر، سۆسیالیزم، ناسیونالیزم، سێکسیزم ... . دەستەیەکی تر لەو وشە و زاراوانە هەیە، کە دەبێت لە کەلتووری بزووتنەوەی دژی چەوساندنەوەی زایەندیدا شاربەدەر بکرێن، مەگەر ئەوەی لە زاری پیاوانی ئاینی و باوکسالارانی ببیستین. وەک پەردەی کچێنی، قەیرە، هەرزەکار، فەرمانڕەوا.... . دەستەیەکی تریان هەیە، کە دەبێت وشە و زاراوەکانیان ڕاست بکرێنەوە یان واتای تایبەتیان پێبدرێت یان دابهێنرێن. بۆ نموونە وشەی "abortion الإجهاچ"، کە لە تەواوی فەرهەنگی کوردیدا بە واتای "منداڵ لەباربردن" دێت، کە لە ڕاستیدا بەگشتی ئەوەی لەڕووی یاسایییەوە لەبار دەبرێت، بەبێ گەڕانەوە بە بڕیاری پزیشک، "embryo جنین"یە، نەک منداڵ، کە من بە "زیندۆڵە" واتای دەکەم، یان "fetus"ــە لەبەر هۆی پزیشکی، کە من ئەم وشەیە بە "کۆرپەلە" واتا دەکەم. هەر کۆرپەلەیە گەورە دەبێت و کاتێک کە لەدایک دەبێت ئینجا پێیدەوترێت منداڵ. واتاکردنی "abortion" بە منداڵ لەبار بردن، لەڕووی زانستییەوە تێکەڵکردنی سێ قۆناغە و زۆر سەرلێتێکدەرە بۆ هەر باسێک لەم پەیوەندەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×