د.یوسف محەمەد: پاش رێكه‌وتنی‌ هه‌ولێرو به‌غدا، پێویستە هەرێم بەسیاسەتە چەوتەكانیدا بچێتەوە
  2019-02-05       1759       
د.یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

د.یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ پاش رێكه‌وتنی‌ هه‌ولێرو به‌غدا، پێویستە هەرێم بەسیاسەتە چەوتەكانیدا بچێتەوەو دان به‌هه‌ڵه‌ی‌ خۆیدا بنێت.

ئاوێنه‌: له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ KNN، د.یوسف محەمەد رایگه‌یاندووه‌، "بۆ ئەمساڵ بابەتی موچە لەبودجەی هەرێم‌و فرۆشتنی نەوتەکەی جیاکراوەتەوە، بەڵام هیچ گرنتییەک نییە ساڵانی داهاتو بەم شێوەیە بێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بەو سیاسەتە نەوتییە چەوتەی کە لەماوەی رابردو پەیڕەوی کردبو، بچێتەوەو پێویستە لەخاڵێکدا دابنێن بەوەدا کە هەڵەیان کردوە".

به‌بۆچونی‌ ئه‌و، ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت‌و لەگەڵ ئەو نەوتەی ئەمساڵ دەفرۆشرێت، وای لێبکرێت دۆخێکی خۆشگوزەران دروست بکرێت‌و خەڵکی هەرێم لەگەڵ سیاسەت ئاشت بکرێتەوە کە بەراستی خەڵک هیلاک بوە.

د.یوسف محەمەد ده‌ڵێت، دەبێت کورد ئەولەویەتی خۆی رێکبخاتەوەو ئەوە بزانێت کە رێگای چارەسەری کێشەکانی نەتاران‌و ئەنقەرەیە، بەڵکو بەغدایەو هەوڵی ئەوە بدات بەدۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کێشەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەر بکرێت، ئەوەش بەوازهێنان لەهەندێک بەرژەوەندی حزبی‌و شەخسی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان.

پێشیوایه‌، "کورد ئەگەر خۆی چاک بکات، نەک تەنها دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەغدا چاک بکات، بەڵکو دەتوانێت لەناوچەکەش رۆڵی گەورە ببینێت. ئێستا لەسیاسەتی نێودەوڵەتی‌و پەیوەندی نێودەوڵەتی، دەرفەت رەخساوە بۆ کارەکتەری نا دەوڵەتی رۆڵ ببینێت، وەک ئەوەی لەباکوری سوریا هەیە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×