عەدنانی‌ حەمەی مینا: پارتی گرفتی نییە پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت
  2019-02-05       1815       
عەدنانی‌ حەمەی مینا
به‌وته‌ی‌ عەدنانی‌ حەمەی مینا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ نێوان حزبه‌كه‌ی‌‌و یه‌كێتی‌، پارتی گرفتی نه‌بووه‌ كه‌ پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت.

ئاوێنه‌: له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدا هه‌ردولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان‌و كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌رۆژی‌ 2019/2/18.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عەدنان حەمەی مینا به‌میدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ ڕاگەیاندووه‌، "لەگەڵ پارتی گەیشتینە رێككەوتن بۆ دانانی پرۆژەیەك بەمەبەستی رێكەوتنی سیاسی‌و پەسەندكردنی لەلایەن هەردولاوە، بەجۆرێك كە پێوەی پابەند بین‌و هیچ لایەك لێی پاشگەز نەبێتەوە."

لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگار، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرایكرد، سەرەتا ئەنجومەنی پارێزگا كۆدەبێتەوەو پاشان پارێزگارێك هەڵدەبژێردرێت، وتیشی، "ئەمڕۆ پارتی تەئكیدیكردەوە كە هیچ گرفتێكی نییە لەدانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لەسەر پشكی یەكێتی".

رونیشیكردەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بەر لەكۆبونەوەكەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدەدات بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و تەواوی پۆستە حكومییەكانی دیكەی پشكی خۆی لەكابینەی نوێی حكومەت.

عەدنان حەمەی مینا رەتیشیكردۆته‌وە كه‌ لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان یەكێتی‌و پارتی، هیچ ناوێك تاوتوێكرابێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئەو بابەتە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

راشیگه‌یاندووه‌، "مەرج نییە یەكێتی تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەش بكات، بەڵكو یەكێك لەپێشنیازەكان ئەوەیە زیاتر لەكاندیدێك هەبێت، كە ئەو پرسەش دواجار ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەبارەوە دەدات."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×