برای سەركردەیەكی یەكێتی بەنەوت خۆی دەسوتێنێت
  2019-02-05       7347       

ئا: مەزهەر كەریم

 

فەرهاد عەبدولمەجید، برا بچوكی شەهید "ئازاد هەورامی" ڕۆژی هەینی رابردو 1/2/2019 كاتژمێر 2:30 خولەكی پاشنیوەڕۆ لەماڵی برایەكی بەناوی سامی لەگەڕەكی سەروەری شاری سلێمانی بەنەوت خۆی دەسوتێنێت.



فەرهاد ماوەی سیی ساڵ دەبێت بۆ خوێندنی هونەری موزیكی كلاسیك‌و ئامێری گیتار ڕوی لەشاری كۆپنهاگنی وڵاتی دانیمارك كردوە، ماوەی چەند مانگێك بو هاتبۆوە كوردستان‌و لەشاری سلێمانی ژیانی بەسەر دەبرد.



ئەو بەتەنها لەو خانوەدا دەژیا كە خۆی تیا سوتان، ئەو ڕۆژەش كە خۆی سوتان هیچ كەسێكی لەدەور نەبوە، كاتێك نەوتی زۆپاكەی دەركردوە‌و گڕی لەو ژورە بەرداوە كە تیا بوە، پاشان جەستەشی سوتاندوە‌و ئەوكات لەتاو ئازاری جەستەی بەگڕەوە هاتۆتە حەوشە، لەو كاتەدا ژنێكی دراوسێیان پێیدەزانێت‌و هاواردەكات تا بچن بەهانایەوە‌و دواتر دراوسێكان دەچن‌و بە بەتانی ئاگرەكەی لێدور دەخەنەوەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەكەن، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕیژەی سوتاویەكەیەوە تەنها 24 كاتژمێر دەژی.



فەرهاد دو ڕۆژ پێش ئەوەی خۆی بسوتێنێت لەگەڵ هەردی خوشكەزای‌و خزمێكی نزیكی خۆیان‌و دو خوشكەزای دیكەی پێكەوە دەبن، هەردی داوای لێدەكات بەرهەمێكی نوێی هونەری خۆی تۆمار بكات، ئەو هەمو خەرجیەكەی لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام فەرهاد لەوەڵامدا دەڵێت "با بزانم چۆن دەبێت، با گیتارەكەم چاك بكەمەوە ڕەنگە بكەوێتە ساڵی ئایندە، بەم دەم‌و دەستە نابێت، تاقەتی هیچم نەماوە تەنانەت تاقەتی ژەنینی گیتارەكەشم نیە".



چواردە ساڵ پێش ئێستا فەرهاد جارێكی دیكە لەڕێگەی بەكارهێنانی چەقۆوە هەوڵی خۆكوشتنی داوە، بەپێی زانیاریەكانی ئاوێنە ئەوكات چەقۆیەك بەهەرچی هێزیەتی دەدات لەناو سكی‌و خۆی بریندار دەكات، بەڵام ئەوكات خوشكەزاكانی دەگەنە سەری‌و دەستبەجێ‌ دەیبەنە نەخۆشخانە‌و چارەسەر وەردەگرت.

 


 ئەو هەوڵەی سەركەوتو نابێت‌و دەرفەتی ژیانی جارێكی دیكە بۆ دەگەڕێتەوە، كە وتویەتی "تاقەتی ژیانم نەماوە بۆیە ئەو كارەم كردوە".



فەرهاد لەپاش تەواو كردنی خوێندنەكەی لەساڵی 2004 لەوڵاتی دانیماركەوە دێتەوە شاری سلێمانی‌و دەبێتە مامۆستای هونەر لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان، دوای چەند ساڵێك دوبارە دەچێتەوە وڵاتی دانیمارك‌و دەست دەكاتەوە بەخوێندن‌و بڕوانامەی ماستەر لەئامێری گیتاردا بەدەستدەهێنێت، جارێكی دیكە لەساڵی 2013دا لەشاری كۆپنهاگنەوە دێتەوە بۆ شاری سلێمانی‌و لەبەشی هونەر لەزانكۆی سلێمانی دەبێتە مامۆستا، دوای دو ساڵ ئارەزوی ئەو كارەشی نامێنێت‌و وازدەهێنێت.



بەوتەی كەسوكارەكەی فەرهاد، ئەو بەردەوام كاریگەری ژیانی ڕابردوی بەسەرەوە بوە، كاتێك لەتەمەنی دە ساڵیدا دەبێت دایكی كۆچی دوایی دەكات، ئەوەندە نابات لەتەمەنی حەڤدە ساڵیدا خوشكێكی بەناوی شەوبۆ كۆچی دوایی دەكات، پاشان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەكرێت‌و ڕەوانەی زیندانی ئەبوغرێب دەكرێت، ، لەساڵی 1988  ئازاد عەبدولمەجیدی برای ناسراو بە"ئازاد هەورامی" كە یەكێك دەبێت لەسەركردەكانی یەكێتی شەهید دەكرێت، دو ساڵ دواتر باوك‌و برایەكی بەناوی هۆشمەند كۆچی دوایی دەكەن.



بەهۆی ئازارەكانی ئەوكاتەی خێزانەكیان لەژێر دەستی ڕژێمی بەعس‌و ئارەزوی بۆ خوێندنی گیتار ڕو لەوڵاتی دانیمارك دەكات‌و لەشاری كۆپنهاگن دەگیرسێتەوە، بەڵام فەرهاد لەوێش ئاسودە نابێت، لەو چەند ساڵەی ژیانی چەندین جار سەردانی كوردستانی كردوەتەوەو كاتێك قسەیان لەگەڵ كردوە ئەوەی نەشاردۆتەوە "بێزارە لەژیان‌و بیری ئازیزانی دەكات‌و یادەوەری ڕۆژانی ڕابردو بێزاریان كردوەو نازانێت چی بكات‌و لەكوێ ژیان بەسەر بەرێت، تاقەتی هیچی نەماوەو بەردەوام هەست بەماندویەتی دەكات".


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×