فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگه‌یاند
له‌گه‌ڵ هه‌رێم رێككه‌وتون بۆ دروستكردنی چه‌ند ناوه‌ندێكی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان
پێشمه‌رگه‌و هێزه عێراقییه‌كان دژ به چالاكییه‌كانی داعش له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان.
ره‌تیشیده‌كاته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران ره‌زامه‌ندی نیشاندابێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه
بۆ كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان.
ئاوێنه: فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا
ریاگه‌یاند؛ هه‌ندێك له‌میدیاكان باسیان له‌وه كردوه كه گوایه عادل عه‌بدولمه‌هدی،
سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ره‌زامه‌ندی
نیشانداوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ڵام
ئه‌و ده‌نگۆیه "درۆیه‌و هیچ راستییه‌كی تێدا نییه."
وتوشیه‌تی"ئه‌وه‌ی رویداوه ئه‌وه‌یه كه رۆژی 4ی شوبات كۆبونه‌وه‌یه‌ك
له‌نێوان فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك ئه‌ركانی
سوپا بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و وه‌فدێكی پێشمه‌رگه به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك ئه‌ركانی
پێشمه‌رگه‌و هه‌ندێك له فه‌رمانده‌كان له وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له هه‌ولێر
به‌ڕێوه‌چوه بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و بۆشاییانه‌ی كه له هێڵی
ته‌ماسی نێوان هێزه فیدراڵییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌دا هه‌ن و له‌لایه‌ن شانه‌كانی
داعشه‌وه ده‌قۆزرێنه‌وه بۆ دروستكردنی پشێوی ئه‌منی."
ئاشكراشیكردوه"رێككه‌وتن كراوه له‌سه‌ر دروستكردنی چه‌ند ناوه‌ندێكی
هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و
بۆشاییانه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا به هه‌ماهه‌نگی بۆ ده‌سته‌به‌كردنی
ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كان."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه قسه له‌سه‌ر هیچ گۆڕانكارییه‌ك له هێڵه‌كانی ته‌ماسدا
یاخود جوڵه‌ی یه‌كه سه‌ربازییه‌كان له كه‌ركوك و ناوچه هاوسێكانی هه‌رێم نه‌كراوه.