نێچیرڤان بارزانی و عادل عه‌بدولمه‌هدی جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌
  2019-02-07       733       

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7/2/2019 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبۆته‌وه‌‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عیراقى فیدرال تاوتوێ كراون و هه‌ردولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ هه‌مو بواره‌كاندا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ چواچێوه‌ى ده‌ستورى عێراقدا، كردۆته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى سوپاسى عادل عه‌بدولمه‌هدى كردوه‌ بۆ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵاكانى له‌پێناو باشتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى فیدرال له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ئاماده‌ییى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ گفتوگۆى به‌رده‌وام و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان دوپات كردۆته‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى دارایى، سامر غه‌زبان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرن و وه‌زیرى نه‌وت، فالح فه‌یاز ڕاوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق و كه‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بون، دۆخى ئه‌منى و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ش به‌گشتى، خراونه‌ته‌‌ به‌ر باس.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×