فەتح: لەگەڵ سائیرون لەسەر كاندیدێكی دیكە بۆ وەزارەتی ناوخۆ رێككەوتوین
  2019-02-08       771       
میساق حامیدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند هەردو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون لەسەر پێشكەشكردنی كاندیدێكی دیكە لەبری فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێككەوتون. 
ئاوێنە: میساق حامیدی، ئەمڕۆ هەینی بە ماڵپەڕی "مەعلومە"ی راگەیاندوە كە رێككەوتنێك لەنێوان فەتح و سائیرون لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ كراوە بەڵام ئامادە نەبوە ناوەكەی ئاشكرا بكات.
حامیدی هێمای بۆ ئەوە كردوە بەهۆی ئەوەی فەتح و سائیرون لەماوەی رابردودا نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆیە ناوبراو لە پۆستەكەی خۆی كە راوێژكاری ئاسایشی نیتشمانییە دەمێنێتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پەرلەمانتارانی سوننە لە هەردو كوتلەی بونیادنان و چاكسازی نەگەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو بۆ وەزارەتی بەرگری و ناكۆكیش لەناوخۆی ئەو دو كوتلەیەدا هەیە لەسەر ئەو بابەتە بەتایبەت لەنێو پەرلەمانتارانی كوتلەی بونیادناندا.
 ئەوەشی خستۆتەڕو كە سوننەكانی نێو هەردو كوتلەكە وەزارەتی بەرگری بە مافی خۆیان دەزانن، بۆیە كۆبونەوەی نێوان كوتلەی بونیادنان و كوتلەی چاكسازی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەو یەكلاكردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و تەنانەت پەروەردەش بوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×