چاوشئۆغڵو: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەبارەی كوشتنی‌ خاشقچی دەستپێبکاته‌وه‌
  2019-02-08       323       
جەمال خاشقچی
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، جارێكی‌ دیكه‌ كه‌یسی‌ كوشتنی‌ جەمال خاشقچی ده‌وروژێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت، پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بەمەبەستی ئاشکراکردنی پرسەکە لێکۆڵینەوەكانی‌ دەستپێبکاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ هه‌ینی‌، مەولود چاوشئۆغڵو له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بەمەبەستی ئاشکراکردنی پرسەکە لێکۆڵینەوەیەک دەستپێبکات یان لیژنەیەک پێکبھێنێت". 

وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەر لەبارەی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان پەیوەندیدار بەتاوانی کوشتنی رۆژنامەنوسی سعودی، جەمال خاشقچی وتی، "بەڵگەکانی ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ بەڵگەکانی ئێمە یەک دەگرێتەوە، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە".

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، تیمی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لەکەیسی خاشقچی ئاشکرایان کرد،" خاشقچی لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە پلانی کوشتنی دانراوەو هەر ئەوانیش جێبەجێیانکردوە".

لەوبارەیەوە ئاجنس کۆڵمارد ئەندامی تیمی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت، "بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەتورکیا کۆمکردوەتەوە دەرکەوتوە جەمال خاشقچی رۆژنامەنوس بەشێوەیەکی زۆر دڕندانەو بەپلانی بەرپرسانی سعودیە کوژراوە".
 
وتیشی، مانگی ئۆکتۆبەری رابردو بەرپرسانی سعودیە بۆماوەی 13رۆژ بەربەستیان بۆ لێکۆڵینەوەکانی تورکیا دروستکردو دوایانخست.

جەمال خاشقچی ته‌مه‌ن 60 ساڵ، رۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی واشنتنپۆستی ئەمەریکی بەنوسەرێكی رەخنەگری دەسەڵاتی شانشینی سعودیە ناسراوبو، پاش ئەوەی ڕۆژی 2ی تشرینی یەكەمی 2018 سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی كرد لەئیستەنبوڵ، چارەنوسی بەنادیاری مایەوە.

دواترو رۆژی 20-10-2018 سعودیە کوژرانی جەمال خاشقچی لەناو کۆنسوڵخانەکەی لەئیستەنبوڵ پشتڕاستکردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×