سەرۆكی كاتی پەرلەمان: دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەسەر لایەنەكاندا یەكلابۆتەوە
  2019-02-09       1107       

سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند؛ دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەسەر لایەنەكاندا، یەكلابوەتەوەو چاوەڕێ دەكەن ئەو لایەنانە كاندید بۆ ئەو سێ پۆستە رەوانە بكەن.

ئاوێنە: رێڤینگ ھروری، سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"دوای دیاریكردنی وادەی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پارتی رازی بوە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگری یەكەم بۆ پارتی و جێگری دوەمیش بۆ پێكھاتەكان بێت، بۆیە دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی یەكلابوەتەوە و چاوەڕێ دەكەین لایەنەكان كاندید بۆ ئەو پۆستانە رەوانە بكەن."

ھروری وتیشی"ناوی كۆمەڵێك كەس بۆ ھەر سێ پۆستی سەرۆكایەتی دەھێندرێت، بەڵام تا ئێستا بەڕەسمی ھیچ ناوێك پێشكەشی ئێمە نەكراوەو تاوەكو ناویشمان بۆ رەوانە نەكرێت، لای ئێمە نابێتە رەسمی."

ئەوەشی خستەڕو"تا ئێستاش دیار نییە پێش كۆبونەوە ناوی كاندیدانمان بۆ رەوانە دەكرێت یاخود لەناو كۆبونەوەدا، بەڵام ئێمە ٤٨ كاتژمێر پێش كۆبونەوەكە، ھەمو ئەندامان ئاگاداردەكەینەوەو بانگھێشتیان دەكەین بۆ كۆبونەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×