وتەبێژی پارتی وەڵامی راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق دەداتەوە
  2019-02-09       2074       

 

مەحمود موحەمەد، وتەبێژی پارتی دیموركاتی كوردستان وەڵامی راوێژكارێكی بەرهەم ساڵەح، سەرۆك كۆماری عێراق دەداتەوە، دەشڵێت " پێدەچێ ئەو کابرایە لەوەتای بووەتە ڕاوێژکار، ھەوڵی گەوجاندن و شۆردنی مێشکی درابێت".

ئاوێنە: ئەمرۆ "شەممە" مەحمود موحەمەد، وتەبێژی فەرمی پارتی دیموركاتی كوردستان رایدەگەیەنێت قسەکانی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئەمیر کینانی لەبارەی بابەتی سەرۆککۆمار و بارزانی و پارتی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعێراقیە جێگەی سەرسووڕمانیانە، دەشڵێت " ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆک کۆمار، دەبوو بە سەرۆک کۆمار".

دەقی ڕاگەیاندراوەکە 

وەڵامێک بۆ ئەمیر کینانی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

قسەکانی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق (ئەمیر کینانی) لەبارەی بابەتی سەرۆککۆمار و بارزانی و پارتی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعێراقیە جێگەی سەرسووڕمانە. پێدەچێ ئەو کابرایە لەوەتای بووەتە ڕاوێژکار، ھەوڵی گەوجاندن و شۆردنی مێشکی درابێت.

لەوەڵامی قسە ناڕاستەکانیشیدا دەڵێین، ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆک کۆمار، دەبوو بە سەرۆک کۆمار.

 
مەحموود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٩ـی ٢ـی ٢٠١٩

 

 

پێشتر له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كەناڵی عێراقییە، ئەمیر كینانی، یەكێك لەسەركردەكانی رەوتی سەدر رایگەیاند، لەپێناوی ئەوەی كورسی سەرۆكایەتی كۆماری‌ عێراق بۆ كاندیدەكەی مەسعود بارزانی بێت، ئێران ئامادەبووە 100 ملیۆن دۆلار بدات.


كینانی وتیشی‌، "رێككەتنی سیاسی لەگەڵ ئێراندا بو بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ كاندیده‌كه‌ی‌ بارزانی‌، پاشان بو بەرێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی بونیاتناندا، دەقی رێككەوتنەكە دەڵێت، سەرۆكایەتی كۆمار پشكی بارزانی دەبێت، بەڵام شكستیهێنا، چونكە هێزەكانی بونیاتنان رەتیانكردەوە سەرۆكایەتی كۆماری بدەنێ‌‌و دەستكەوتنی چەند وەزارەتێكیان لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی هەڵبژارد".


ئەو سەركردەی رەوتی سەدر جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕی 100 ملیۆن دۆلار بدات بەركابەرەكانی كاندیدەكەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەوان رەتیانكردەوە، دواتر ئەوەبو بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.


ئه‌میر كینانی راشیگه‌یاند، "مەسعود بارزانی بەریفراندۆم‌و راگەیاندنی سەربەخۆیی زیادەڕەوی كردو ئەمریكاش پشتی تێكرد‌، پاشان ئێران گرتییە خۆی، بارزانی‌ بەئێرانییەكانی وت، لەگەڵتاندا رێكدەكەوم بەمەرجێك هەمو دەستكەوت‌و ئیمتیازاتەكانم بۆ بگەڕێننەوە بۆئەوەی گەلی كورد قایل بكەم كە پاڵەوان بوم لەپرۆژەكەمەدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×