لاهور شێخ جەنگی: باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك یا ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت رێگری لە كۆنگرە بكات
  2019-11-20       1530       

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بۆ كۆنگرەی یەكێتیی دژی تەوافوقە، بەڵام لەگەڵ لێكتێگەیشتندایەو دەشڵێت"باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك یاخود ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت ڕێگری لەم كۆنگرەیە بكات." ئاشكراشیدەكات"قسەیەك هەیە كە وەكو ڕێزلێنانێك بۆ جەنابی مام جەلالی ڕەحمەتی، پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەمێنێت."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، سەبارەت بە كۆنگرەی چواری یەكێتی كە بڕیاری رۆژی 7ی كانونی یەكەم بەڕێوەبچێت، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاژانس كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوبۆتەوە رایگەیاندوە كە لەم كۆنگرەیەدا كار بۆ ناساندنی ״یەكێتیی نوێ״ دەكەن و بەقسەی ئەو دوای كۆنگرەش یەكێتیی دەبێتە حزبی دەستپێشخەر‌و ڕێ بە سیاسەتی ناحەكیمانەی هیچ لایەنێك نادات، لە بەرامبەر نەیارەكانیشیدا بێدەنگی تێدەپەڕێنێت و دەستپێشخەری دەكات.

لاهور شێخ جەنگی وتویەتی"من پێم وایە لە هەفتەی ڕابردوەوە، كە پڕۆسەی كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستی پێ كردوە، یەكێتییەكان هەمو براوە بون...هیچ كەسیش هەق نییە لەسەر ئاستی شەخسی خۆی بە دۆڕاو یان براوە بزانێت لە كاتێكدا ئێمە وەك باسمان كرد ئامانجمان نوێكردنەوەی یەكێتییە. دەمەوێت لێرەوە وپاتی بكەمەوە، كە من هیچ هێڵێكم نییە. من كادرێكم سەر بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانم. سەر بە هیچ كوتلەیەك نیم و ئەگەر كوتلەش بم، من كوتلەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانم و هەمو یەكێتیی بە هی خۆم دەزانم."

سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی"باوەڕ ناكەم هیچ كەسێك یاخود ئیرادەیەك هەبێت بتوانێت ڕێگری لەم كۆنگرەیە بكات؛ ئەگەر خوانەخواستە شتێكی نەخوازراو ڕونەدات و باوەڕناكەم ئیرادەیەك یان بەرنامەیەك هەبێت ڕێگری بكات لە كۆنگرەی نوێبونەوەی یەكێتیی، چونكە هەمو یەكێتییەكان لە ئەندامێكی سادەوە تا مەكتەب سیاسییەك و سەروتر، لەوە تێگەیشتون، كە یەكێتیی چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت ئیشوكارەكانی بە پینەوپەڕۆ ڕۆژانە بەڕێ بكات."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا كۆنگرەی ئەم جارەی یەكێتیی تەوافوقی دەبێت یان بە هەڵبژاردن یەكلایی دەكرێتەوە؟ یاخود مۆدێلێكە لە هەردوكیان؟ لاهور شێخ جەنگی وتویەتی"پێم باشە لەم كۆنگرەیە لێكتێگەیشتن هەبێت، بەڵام من بە هەمو شێوەیەك دژی ئەوەم كە تەوافوق بكرێت. دەبێت كۆنگرەیەكی ئازاد بێت. من خۆم دژی تەوافوقم، بەڵام لەگەڵ لێكتێگەیشتنم لە ئاستی سەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە هەمو جەمسەرەكان بە ڕۆحێكی یەكێتییانەوە بەرین بۆ ناو كۆنگرەو لەوێ بڕیارێكی دروست لەسەر ئاییندەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بدەین."

سەبارەت بەوەش كە ئایا پۆستی سكرتێری گشتیی یه‌کێتیی لە دوای مام جەلال دەمێنێت؟ شێخ جەنگی وتویەتی"هەمو ئەم شتانە لە یەكەم ڕۆژی كۆنگرە لە موناقەشەكردن لەسەر پەیڕەوی نوێی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە. بەڵام قسەیەك هەیە كە وەكو ڕێزلێنانێك بۆ جەنابی مام جەلالی ڕەحمەتی، پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەمێنێت و ناوێكی تر بۆ ئەو پۆستە هەڵببژێردرێت."



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×