نێچیرڤان بارزانی: كێشەكانی عێراق بە كێشەی خۆمان دەزانین و ئامادەین بۆ یارمەتیدانی عێراق
  2019-11-20       721       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە بەغدا قوڵایی ستراتیژیی هەرێمی كوردستانەو وتیشی، هەرێمی كوردستان كێشه‌كانی عێراق به‌ كێشه‌ی خۆی ده‌زانێت و ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی عێراق بدات بۆ ده‌رچون لەم دۆخەی ئێستا هه‌یه‌تی.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكدا لەدوەم رۆژی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆك رایگەیاند"ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت، ئه‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌كی كۆن و نه‌خشه‌ی جیۆسیاسی دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌. كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌ بێ چاره‌سه‌ر هێشته‌وه‌. له‌وانه‌ش دۆزی كورد."

جەختیشی كردەوە كە "دۆزی كورد، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و چاره‌سه‌ركردنیشی به‌شێكی گرنگی ئاشتییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌."

سەبارەت بە دۆخی عێراق وتی"له‌ عێراق له‌ جیاتی فره‌یی‌ سیاسی، فره‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ستور و یاسا باڵا ده‌ست بن، گروپ و باڵاده‌ستی حزبی و چه‌كداری به‌رقه‌رار بوه‌ و ئاكامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین‌."

جەختیشی كردۆتەوە كە داعش نه‌ك له‌ روی كلتوری و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ روی سه‌ربازییشه‌وه‌ ته‌واو نه‌بوه‌و بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهانیش مه‌ترسییه‌كی سه‌ره‌كییه‌.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕو"كوردستان له‌م ره‌وش و قه‌یرانانه‌ به‌ده‌ر نییه‌. ده‌بێت به‌ وریای كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ژینگه‌ ئاڵۆزه‌دا به‌ ئاسوده‌یی به‌ڕێوه‌بچێت. بۆیه‌ هه‌وڵمانداوه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی ستراتیژمان هه‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشانه‌. ستراتیژی ئێمه‌ درێژكردنه‌وه‌ی سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌."

دەربارەی كێشەكانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی وتی"به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌مه‌و به‌ر پێشبینی ئاكامێکی له‌و جۆره‌مان ده‌كرد. كاتێك پشت له‌ ده‌ستور كرا، یەکەم دەنگ کە هۆشدارییدا و زه‌نگی مه‌ترسی لێدا لە هەرێمی کوردستانەوە بو. وتمان ئه‌گه‌ر كار وا بڕوات و دەستور و ئەو  پره‌نسیپانە بخرێنە ژێرپێ کە عێراقی نوێیان له‌سه‌ر بونیاتنراوه، عێراق رو له‌ هه‌ڵدێره‌. ئێستاش دەڵێین ئه‌وه‌ی رودەدات‌، كۆی ئه‌نجامی کەڵەکەبونی 15 ساڵ هەڵەی سیاسی و ئابوری و پشتگوێخستنی‌ ده‌ستوره‌."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێی وایە چارەسەری كێشەو گرفتەكان ئەوەیە كە خوێندنەوەی دروست و واقیعییان بۆ بكرێت و ناڕەزایەتییەكان بە كەم نەزانرێن و "وا نه‌زانین تێده‌په‌ڕێ و به‌ هەندێ رێکاری لابه‌لا خامۆش دەبێت."

ئەوەشی خستەڕو كە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان چوینە بەغداو لەگەڵ هەموان كۆبوینەوە ئاماده‌یی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئارامی بۆ عێراق پێویست بێت.

وتشیشی"پێمانوایه‌ ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدایه‌. به‌غدا ره‌هه‌ند و قوڵایی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستانه‌."

 لەكۆتاییشدا وتی"ئێمە وه‌ك هه‌رێمی كوردستان وەک هەمیشە چی بكه‌وێته‌ سه‌ر شانمان بۆ ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری، ئاماده‌ین. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ هه‌ڤاڵانمان و برایانمان له‌ عێراق دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت بۆ سه‌قامگیری و ئاشتیی له‌ عێراق دا، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ و كێشه‌كانی عێراق به‌ كێشه‌ی خۆی ده‌زانێت و ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی عێراق بدات بۆ ده‌رچون لەم دۆخەی ئێستا هه‌یه‌تی."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×