روسیا: ئەنكەرە دڵنیایی كردوینەتەوە كە هێرشی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجام نادات
  2019-11-20       860       

وێڕای هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەنكەرە، مۆسكۆی دڵنیا كردۆتەوە كە پلانیان نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان).

ئاوێنە: سێرگی لاڤرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"گفتوگۆمان هەیە لەگەڵ نوێنەرانی كوردەكان(هێزەكانی سوریای دیموكرات) و لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاداشتنەكەی نێوان روسیاو توركیادا كە كشانەوەی شەڕڤانانی هەسەدە بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە سنوری توركیا-سوریا لەخۆدەگرێت. ئەو رێككەوتنە لەلایەن بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریاو هەروەها لەلایەن فەرماندەكانی هەسەدەوە پەسەندكراوە...كشانەوەی شەڕڤانان بەكردەوە كۆتایی هاتوە، رەنگە لەهەندێك ناوچە پێویست بەكاری زیاتر بكات بۆ كۆتاییهێنان بە كشانەوەكە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی دوشەممە، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندبو كە ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات ئەگەر شەڕڤانانی یەپەگە لە ناوچەكە نەبرێنە دەرەوە.

وەزیری دەرەوەی روسیا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی كە هەوڵدەدات كۆسپ بخاتە سەر رێی گفتوگۆی نێوان كوردەكان و حكومەتی سوریاو وتی"ئەمریكییەكان كاردەكەن بۆ ئەوەی كۆسپ بخەنە سەر رێی گفتوگۆی نێوان كوردەكان و دیمەشق، لەكاتێكدا ئێمە هەڵوێستمان تەواو پێچەوانەوەیەو پێمانوایە تەنها گفتوگۆی نێوان كوردەكان و دیمەشق دەتوانێت چارەسەر بێت نەك تەنها بۆ گەرەنتیكردنی مافی كوردەكان بەڵكو بۆ گەرەنتیكردنی بەرژەوەندییە ئەمنییە رەواكانی توركیاش."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×