پەرلەمانتارێك داوادەكات لەهەرێمیش كار بە یاسای نەهێشتنی ئیمتیازاتی پلە باڵاكانی عێراق بكرێت
  2019-11-20       955       

بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق داوا دەكات یاسای نەهێشتنی ئیمتیازاتی پلە باڵاكان و هەمواری یاسای خانەنشینی كە لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكراون، لە هەرێمی كوردستانیش كاریان پێ بكرێت.

ئاوێنە: بڵێسە جەبار فەرمان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی، لە پەرلەمانی عیراق دو یاسا دەنگیان لەسەر درا، كە بریتین لە هەمواری یاسای خانەنشینی و یاسای نەهێشتنی ئیمتیازاتی پلە باڵاكان.

وتوشیەتی"ھەردو یاساکە گرنگی خۆیان ھەیەو بەو ھیوایەم کە لە ھەرێمی کوردستانیش کاریان پێ بکرێت."

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕو"ڕاستە ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی خۆی ھەیەو دەتوانێت یاساکانی عیراق نەفاز بکات و لەگەڵ پێکھاتەی ھەرێم دا بیگونجێنێت بەڵام لە زۆر روەوە دۆخی ئێستای ھەرێم ھاوشێوەی عێراقە. لاوانمان بەدەست بێ ئیشی و کەم دەرامەتیەوە ساڵانێکە دەناڵێنن. کەمی سوتەمەنی و خزمەتگوزاری ھاودۆخە. نەبونی شەفافیەت و گەندەڵی ھاوشیوەی پارێزگاکانی ناوەراست و جنوبن."

لەو روانگەیەوە بڵێسە جەختی كردۆتەوە كە "یاسای نەھێشتنی ئیمتیازاتی سەرۆکایەتیەکان پێویستە لە ھەرێمیش کاری پێ بکرێت. کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان، نەھێشتنی دەرماڵە، کەم کردنەوەی ژمارەی سەیارەی سەرۆکایەتیەکان، نەھێشتنی بە کرێگرتنی تەیارەی تایبەت بۆ سەرۆکایەتیەکان. نەھێشتنی بابی سەرف بۆ چارەسەری نەخۆشی لەلایەن سەرۆکایەتیەکان نەھێشتنی خانەنشیی پەرلەمانتاران و زۆرێکی تر لەو جۆرە بڕیارانە پێویستە پەرلەمانی کوردستانیش کاری لەسەر بکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە "رەتلە سەیارەی سەرۆکایەتی و وەزیرەکان لە وڵاتێکی ھەژاری وەک وڵاتی ئێمە بێجگە لە دیاردەیەکی قێزەوەن ھیچی تر نیە. سەرباری موچەیەکی زۆر، بەخشینە دەرماڵە بە پلە باڵاکان، بەڵام لە ھەمان کات دا تاوتوێ کردنی نەھێشتنی دەرماڵەی مامۆستاو نەدانی دەرماڵەی مەترسی ھەندێک لە پیشەکان، ناداپەروەریەکی گەورەیە. ھیوادام ھەرێمیش بە سیستێمی دەرماڵەو ئەو ئمتیازاتە زۆرەی سەرۆکایەتیەکان دا بچێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×