2019-11-20   766     
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند ''سەرکەوتنیان بەسەر خۆپیشاندانەکاندا بەدەستهێناوە و بارودۆخەکە ئارامبووەتەوە''.
ئاوێنه: بە پێی هەواڵێکی پێگەی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە حەسەن رۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ کەناڵی IRIB رایگەیاند، ''خەڵکی ئێران ئەم جارەش سەکەوتووبوون لە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا و سەلماندیان کە ناهێڵن نەیاران بارودۆخەکە بقۆزنەوە''.
هاوکات بەپێی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ هەزاران خۆپیشاندەر بۆ دەربڕینی پشتگیری خۆیان بۆ حکومەتی ئێران لە چەندین شار رژانە سەر شەقامەکان. رۆحانی دەربارەیان وتی، ''ئەم خۆپیشاندانە لەناکاوانە گەورەترین نیشانەی دەسەڵاتی خەڵکی ئێرانییە''.
پاش ئەوەی حکومەتی ئێران رۆژی هەینی رابردوو بڕیاری زیادکردنی نرخەکانی سوتەمەنی دا، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە چەندین ناوچەی ئەو وڵاتە دەستیان پێ کرد. بەپێی ئاماری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، تا ئێستا زیاد لە ١٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون.