جێگری سەرۆكی ئەمریكا: ئایەتوڵاكان بەردەوامن لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان
  2019-11-21       715       

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان و جەختیش دەكاتەوە كە ئەمریكا پشتیوانی لە خەڵكی ئێران دەكات.

ئاوێنە: مایك پێنس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەتویتێكدا رایگەیاند"لەكاتێكدا كە ئێرانییەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی هاتونەتە سەر شەقامەكان، ئایەتوڵاكان لە تاران بەردەوامن لە بەكارهێنانی توندوتیژی و زیندانیكردن بۆ سەركەوتكردنی گەلەكەیان."

جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەكەی وتویەتی"پەیامی ئەمریكا رونە: گەلی ئەمریكا پشتیوانی لە گەلی ئێران دەكات."

ئەو قسانەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا، دوای ئەوە دێن كە دوێنێ دەسەڵاتدارانی ئێران باسیان لە كۆتاییهاتنی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە كردبو كە لە رۆژی هەینی رابردوەوە بەهۆی زیادكردنی نرخی بەنزینەوە لەبەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكانی ئێران دەستیان پێكردبو.

هاوكات دوێنێ لە بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی ئێران، بەشێك لە هاوڵاتیان بۆ پشتیوانی لە رژێمی كۆماری ئیسلامی رێپێوانیان سازكرد و دروشمی دژ بە "گێرەشێوێن و تێكدەران"یان دەوتەوە.

بەگوێرەی ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرانەوە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران بەتوندی و بە بەكارهێنانی گولـلە روبەڕوی خۆپیشاندەران دەبونەوەو ئەوەش قوربانییەكی زۆری لە ریزی خۆپیشاندەراندا لێكەوتۆتەوە بەڵام ئامارێكی ورد هێشتا لەو بارەیەوە نییە.

بەڵام بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە 21 شاری ئێران 106 خۆپیشاندەر کوژراون.

بەپێی رێكخراوە لۆكاڵییەكانی مافی مرۆڤ، بەشێكی زۆری قوربانییەكان لە خۆپیشاندەرانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×