سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی
نەگەیشتنی پارەكەی بەغداوە دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راگیراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، درێژە بە دابەشكردنی موچەی مانگی هەشتی
فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم نەدرا ئەوەش بەهۆی نەگەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی
مانگانە بەغدا بۆ موچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بە كەناڵی ئێن ئاڕ
تی راگەیاند، بەهۆی نەگەیشتنی پارەكەی بەغدا ئەمڕۆ موچەی هیچ وەزارەت و
دامودەزگایە دابەش نەكراوە و پارەكەی بەغداش تا ئەم ساتە نەگەیشتۆتە هەرێم.
سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەر كات پارەكە بگات بە ماوەی چەند رۆژێك
موچەی سەرجەم ئەو وەزارەت و دامودەزگایانە دابەش دەكەن كە هێشتا موچەیان
وەرنەگرتوە.
ئەو موچەیەی دابەشدەكرێت موچەی مانگی هەشتەو تا ئێستا چەند وەزارەت و شوێنێك موچەیان وەرگرتوە.
لەئەگەری دابەشكردنی موچەی مانگێكی دیكە لە مانگی كۆتایی ئەمساڵدا ئەوا هێشتا چارەنوسی سێ موچەی ئەمساڵی فەرمانبەران بە نادیاری دەمێنێتەوە.