رۆیتەرز: ئەمڕۆ دو خۆپیشاندەر لە بەغدا كوژران و 38ی دیكەش بریندار بون
  2019-11-21       563       

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەنزیك دو پردی سەرەكی لە بەغدا دو خۆپیشاندەر كوژراون و 38ی دیكەش بریندار بون ئەوەش لەئەنجامی تەقاندنی بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەڕوی خۆپیشاندەراندا.

ئاوێنە: ئاژانسەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی پزیشكیی و پۆلیسەوە بڵاویكردۆتەوە كە هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو دو خۆپیشاندەر ئەوە بوە كە بۆمبی گازە فرمێسكڕێژەكە بەر سەریان كەوتوە.

پێشتر رێكخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەكان هێزە ئەمنییەكانی عێراقییان تۆمەتبار كردبو بەوەی كە جۆرە بۆمبێكی گازی فرمێسكڕێژ بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران بەكاردەهێنێت كە بەكارهێنانی بێ پێشینەیە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەرەتای ئەم مانگەدا هێمای بۆ ئەوە كردبو كە چەند خۆپیشاندەرێك لە بەغدا بە بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ كوژراون كە بۆمبەكە كاسەی سەری بڕیون.

ئەو رێكخراوە داوای لەعێراق كردبو بەكارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبە بێ پێشینەیە رابگرێت كە كێشەكەی 10 هێندەی كێشی ئەو بۆمبی گازە فرمێسكڕێژانەیە كە ئاسایی بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لەوڵاتانی دیكە بەكاردەهێنرێن.

بەپێی رێكخراوەكە ئەو جۆرە بۆمبە لە بولگاریاو سربیاو ئێران دروست دەكرێت و ئامانجی كوشتنە نەك بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران.

لەدەستپێكی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە 300 خۆپیشاندەر كوژراون و بە هەزارانی دیكەش بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×