گۆڕان لێدوانێكی سەعدی پیرە رەتدەكاتەوە
  2019-11-21       821       

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لێدوانێكی سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتدەكەنەوە كە رایگەیاندبو گۆڕانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستانی ئیمزای لەسەر رێككەوتنی چەند لایەنێكی عێراقی كردوە.

ئاوێنە: ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە"لێدوانی بەڕێز سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەکێتی رەتدەكەینەوە، کە لە بەرنامەیەکی کەناڵی روداودا ئاماژەی بەوە کردوە گۆڕانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستانی ئیمزای لەسەر رێککەتنی شەوی ١٨/١١ی چەند لایەنێکی عێراقی کردوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر لەڕێی فراکسیۆنەکەی لە بەغدا و ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنەوە، رایگەیاندبو "بەشدارنەبون لە داڕشتن و بڕیاردان لە رێککەوتنی ئەو چەند لایەنە سیاسیەدا و کەسیشیان رانەسپاردوە بەناوی بزوتنەوەکەوە ئیمزا بکا."

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان وتوشیەتی"هاوکات لە بەغدا هاوپەیمانیەتیەک بەناوی هاوپەیمانی کوردستانی بونی نییە تا گۆڕان بەشێک بێت لێی."

درەنگانی شەوی 18ی تشرینی دوو‌می 2019، چەند لایەنێكی عێراقی رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیەکی گشگیر بۆ چارەسەرکردنی دۆخی عێراق کە چەندین خاڵی تایبەت بە چاکسازی دەستوریی و بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانی لەخۆگرتبو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×