2019-11-21   3169     
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەكۆڕێكدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەلومەرج ناوخۆیی و دەرەكی لەئێستای عێراق و كوردستان و ناوچەكە، لەگەڵ ئەندامانی مەڵەبندی دهۆک، كۆدەبێتەوە.
ئاوێنه: لە ئێوارە كۆڕەكەدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە گۆڕانكارییەكانی ئێستا نە لەسەر مێژوو، نە لەسەر كاریزما دەوەستێت و وتی، ''خۆمان نەگۆڕین لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا، نەشیعر دادمان دەدات، نە رابردوو، نە قارەمانێتیەو نەپارتیزانی''.
لەبارەی جیهانیگریی و سەردەمی تەكنیک و تەكنەلۆژیاشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ''ئێستا تەكنەلۆژیا، تەكنەلۆژیای لێزەرو كلیكێكە، ئەگەر ئێمە لەسەردەمی شۆڕشدا، تەتەرمان هەبوبێ، ئێستا سەردەمی تویتەرەو هەر ئەمەش جیاوازییەكەی سەردەمی ئێستاو رابردووە''.
بەپێی هەواڵێک کە میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویكردهوه، مەلا بەختیار راشیگەیاند، ''ئێمە بەقارەمانێتیو قوربانیدان، گرەوی بەرگریمان لەمێژوودا بردەوە، بەڵام ئێستا گرەوی ئەو گرەوە، لەگرەوی ئێستای ئەم سەردەمەدا دووبارە دەكەینەوە، كەئایا گرەوی رابردومان دەدۆڕێنین، یان گرەوی ئێستاش دەبەینەوە. بۆیە ئەگەر دەمانەوێ گرەوی رابردوو نەدۆڕێنینو گرەوی ئێستاش ببەینەوە، دەبێ بێینە ئەم سەردەمە سیاسەت بكەینو نابێ لەرابردوودا بمێنینەوە. وتیشی: دەبێ تێبگەین، نەخۆمان وەكو تێكۆشەر، تێكۆشەرەكەی سی چل ساڵ لەمەوبەرین، نە حزبەكەشمان حزبەكەی سی بۆ چل ساڵ لەمەوبەرە، نە حكومەتەكەشمان دەتوانێ وەكو ٢٠ یان ٢٥ ساڵ لەمەوبەر بچێت بەڕێوە، چونكە فەلسەی سیاسی، چینایەتی، حوكمڕانی، ئایدۆلۆجی لەدنیادا گۆڕاوە. ئەم دنیایەش، بەفەلسەفەی نوێ، سیاسەتی نوێ، بەحزبێ كە گۆڕانكاری لەخۆیدا دروست بكات، بەسەركردەی نوێ، بەبیری نوێ، بەرێكخراوی دیموكراتی و ئێنجی ئۆی نوێ، بەوەرزشو هونەرو ئەدەبی نوێ، بەخۆشگوزەرانی لەشارو دەرەوەی شارەكانو دێهاتەكاندا دەبێ بگۆڕین. بۆ ئەوەی مرۆڤ وەكو مرۆڤ بژی''.
لەبارەی كۆنگرەشەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە كۆنگرە، دەبێ كۆنگرەی گۆڕانكارییەكان بێت و لەدوای كۆنگرەش، سەرەنجام یەكێتی بەستراتیجێكی تازە بێتەدەرەوەو خەڵكیش تێبگات یەكێتی بەجێ نەماوە لەگۆڕانكارییەكانو خۆی دەگۆڕێتو ئامادەیە لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكاتو ئەمەش ئەركی ئێمەیە.