له‌ ٢٤ کاتژمێری رابردووی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ١٩ کەس برینداربوون
  2019-11-21       544       
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی عێراق رایگەیاند، ''لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١١ کارمەندی ئەمنیی و ھەشت خۆپیشاندەر برینداربوون''.

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی خۆپیشاندانەکان و لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١١ کارمەندی ئەمنیی و ھەشت خۆپیشاندەر برینداربوون.

هاوکات لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، ''ھێزەکانمان ئاسایشی پێنج خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکیان لە بەغدا پاراستووە، لەو خۆپیشاندانانەدا دوو کارمەندی ئەمنیی و ھەشت خۆپیشاندەر بریندار بوون''.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی دیوانییە، دیالە، بابل، زیقار، نەجەف، کەربەلا، موسەننا، واست و بەسرە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق پارێزگارییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە لەو خۆپیشاندانەشدا و لە کەربەلا بەھۆی ھێرش و پەلاماری چەند کەسێک لەنێو خۆپیشاندەرانەوە بە بەرد و مۆلۆتۆف، سەربازێکی سوپا و حەوت پۆلیس برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەنێو خانووی پەرلەمانتارێک کە لەرۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندرا، تەرمێکی نەناسراو دۆزراوەتەوە.

لەھەمانکاتدا، ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای کەربەلا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە دەستی ھەبووە لە کوشتنی بەرپرسێکی پۆلیسدا.

ئەمڕۆش، سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەھۆی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە نزیک پردەکانی سەنک و ئەحرار لە ناوەڕاستی بەغدا، و ھەڵدانی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژەوە، سێ کەس لە خۆپیشاندەران کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×