سائیرون: ئەو پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنە رەتدەكەینەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە
  2019-11-22       306       

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئەو پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان بەتەواوی رەتدەكەنەوە.

ئاوێنە: سەلام شەممەری لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لەعێراق جەختی لەسەر بەردەوامبون لە بەدیهێنانی داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەران كردۆتەوە نەك نوسینی چەند یاسایەك كە پرسی بەشبەشێنە بەهێز بكات.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە حكومەت بەجدی هەوڵی كوشتنی كات دەدات بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، ئەوەش وێڕای رەفتارەكانی دیكەی كە بۆتە هۆی كوژران و برینداربونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران و نەدانی زانیاری بە رایگشتی سەبارەت بەو لایەنانەی كە بەشێوەیەكی تایبەت چالاكوانان دەڕفێنن.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئیرادەی حزبە سیاسییەكان و مانەوەیان لەدەسەڵات لەڕێگەی ئەو پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادە كراوەو بۆ پەرلەمان نێردراوە، رەنگیداوەتەوە كە ئەوەش پێچەوانەی رێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مەرجەعیەتی باڵایە.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×