عەبدولڕەحمان مستەفا: هەڵبژاردنیش دوابخرێت هاوپەیمانی كوردستانی هەڵناوەشێتەوە
  2019-11-22       435       
سلێمانی، تشرینی یه‌كه‌می 2019، كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كانی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی فۆتۆ: بڕیار نامیق

عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی، رایدەگەیەنێت هەڵبژاردنیش دوابخرێت هاوپەیمانی كوردستانی هەڵناوەشێتەوە و بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەن لەهەر كات و رۆژێكدا ئەنجام بدرێت.

ئاوێنە، كەركوك ناو: ئەو وتەیەی عەبدولڕەحمان مستەفا دوای ئەوەی هات، كە 12ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق داوایكرد هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، بەڵام هێشتا پەرلەمانی عیراق هیچ بڕیارێكی لەوبارەیەوە نەداوە.

عەبدولڕەحمان مستەفا، كە بەڕێككەوتنی زیاتر لە 15 حزب و لایەنی سیاسیی كوردی، توركمانی و ئێزیدیی بۆتە سەرۆكی ئەو قەوارەیە لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لیستەکەمان وەک خۆی ماوەتەوەو هەڵنەوەشاوەتەوە، ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن جا لەهەر کات، مانگ و رۆژێکدا بێت، تا ئێستا هیچ لایەنێک لە هاوپەیمانتیەکە نەکشاوەتەوە و بەردەوام دەبین".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیارە لە یەكی نیسانی 2020 ئەنجامبدرێت و بۆ یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2005 هەڵبژاردنەكە كەركوكیش دەگرێتەوە.

جەنگی عزەدین، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی دوی یەکێتی لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت"بابەتی یەکلیستی لایەنە کوردییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بیرۆکەی یەکێتی بو، بۆیە ئێمە لە ناو لیستەکەداین و ناکشێینەوە، ئێمە خۆمان بە خاوەنی لیستەکە دەزانین و ئەو هاوپەیمانێتییە دەمێنێتەوە".

لیستی هاوپەیمانی لە پارێزگای كەركوك بڕیاریداوە 26 كاندید و لە نەینەوا 48 كاندیدی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لە پارێزگای كەركوك سەرۆكی لیستەكە بۆ یەكێتیی دەبێت و لە پارێزگای نەینەوا بۆ پارتی دەبێت. بەڵام بۆ دیالە هێشتا رون نییە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×