وتەبێژی‌ حکومەت: سبەینێ وه‌فدی‌ هه‌رێم سه‌ردانی‌ به‌غداد ده‌كات
  2019-11-22       833       
جوتیار عادل
وتەبێژی‌ حکومەتی هەرێمی‌ كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سبەینێ وه‌فدی‌ هه‌رێم سه‌ردانی‌ به‌غداد ده‌كات‌و نوێنەری حکومەتی هەرێم-یش لەبەغدا ‏ده‌ڵێت، لێکنزیکبونی زۆرباش هەیە له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.

ئاوێنه‌: جوتیار عادل، وتەبێژی‌ حکومەتی هەرێم له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، سبەی شەممە لەسەر پرسەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، شاندێکی هەرێم سەردانی‌ بەغداد دەکات.

هاوكات فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا له‌باره‌ی‌ سه‌ردانی‌ وه‌فده‌كه‌وه‌ بۆ به‌غداد ده‌ڵێت، "لێکنزیکبونی زۆرباش هەیەو چاوەڕواندەکەین ‏لەبارەی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بگەن ‏بەرێککەوتن".‏

وتیشی‌، وه‌فدی‌ هه‌رێم لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق‌و فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، پێشتر ‏حکومەتی عێراق چەند پێشنیازێکی خستۆتە بەردەم هەرێمی ‏کورستان بۆ ئەوەی رێککەوتنیان لەبارەوە بکرێت.‏

ئەندامانی وه‌فدی حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان ‏پێکدێن لەئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، خالید شوانی ‏وەزیری هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی ‏وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ‏هەرێمی کوردستان. ‏

پێشتر سامر غه‌سبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبو كه‌ لەساڵی 2020وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی جەیهانەوە نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كات.

وتیشی‌، "حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم له‌بودجه‌ی 2019ی عێراق رێككەوتبون مانگانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق موچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم پابەندی رێكەوتنەكە نەبوەو نەوتەكەی رادەست نەكردوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×